Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: حکومەتی هەرێم هاوبەشێکی گرنگی هەوڵەکانی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعشە

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە عێراق کرد کە پێکهاتبوو لە هۆڵی ئیڤانس، ئەفسەری پەیوەندیی پۆلیسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و جاک براوند، ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە کونسولخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر.

لە کۆبوونەوەیەکدا د. دیندار زێباری تیشکی خستە گرنگی هاوبەشکردنی زانیاریی هەواڵگری و چاودێریکردنی دەستگیرکراوانی داعش و گوتی؛ لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم هاوبەشێکی کاریگەر و سەرەکی بووە، بۆ هەوڵە نێودەوڵەتییەکان، بە ئامانجی هێنانەدیی دادپەروەری لە کەیسی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان. سەرەڕای هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا ژمارەیەک ڕفێندراو، ڕزگار نەکراون، لەم ڕووەوە پێویستە هەوڵە فرەلایەنەکان ڕێک بخرێن بۆ ڕزگارکردنیان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا، بە هاوبەشی لەگەڵ یونیتاد، حکومەتی هەرێم هەنگاوی زۆری ناوە و گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاریی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)ی کردووە، بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، داتا و تۆمارکردنی بەڵگەکان، بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تیرۆریستان و قەرەبووکردنەوەی قوربانییان و کەسوکاریان. لەم ڕووەوە تواندراوە( 24.965) فایل و (408.540) لاپەڕە لە بەڵگەنامەکان تۆمار بکرێن.
لەلایەن خۆیەوە خاتوو ئیڤانس ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کرد، لە مەلەفی تیرۆریستانی داعش و بە دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەکان، هەروەها تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی دروستکردنی سەنتەری ئەرشیفی بەڵگەی نیشتمانی لە بەغدا، بە مەبەستی لێکۆڵینەوەی زیاتر لەو تاوانانەی داعش لە عێراق دژی گشت پێکهاتەکان ئەنجامیان دا و بەشداریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لە دروستکردنی ئەم سەنتەرە بە گرنگ زانی بۆ بەرقەرارکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییانی تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تاوانباران، بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی.