Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە هەرێمی کوردستان پاراستنی ئازادییە گشتییەکان پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ٣ی كانوونى يه‌كه‌مى ٢٠٢٤ لە حه‌فتا و شه‌شه‌مين ساڵیادی پەسەندکردنی جاڕنامەى جیهانيی مافەکانی مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆنفرانسی “سەکۆیەک بۆ پێداچوونەوە بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان”ى ئەنجام دا.
لە کۆنفرانسەکە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە سەر تێڕامان لەو پێشکەوتنانەی بەدی هاتوون بەپێی پابەندبوونمان بە پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان لە بواری حوکمڕانیی باش و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ هێنانەدیی دادپەروەری و یەکسانی، و دەرفەتێکە بۆ ئەوەى هەرسێ دەسەڵاتى یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری هەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بکەن لە پرۆسەی بەرجەستەکردنی داواکارییە نێودەوڵەتییەکان.
لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتيی مەسرور بارزانی، گرنگی داوە بە مافەکانی هاووڵاتییان و ئازادییەکانی بە گشتی، پەسەند کردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)، ئاماژەی گرنگیدانە بەم مەلەفە، هەروەها گوتی: بەپێی هەنگاوەکانی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە لە ئایاری ٢٠٢٤ ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ (١٧١) و ڕاسپاردە جێبەجێنەکراوه‌كان کەمبوونەته‌وە بۆ (١٢٧)، ئەو ڕاسپاردانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان بوونە (١٠٢). ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانیش بەم شێوەیە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووه‌، ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان (٤٢.٨%)، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردندان (٢٥.٥%) بەمەش پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە.
هەروەها گوتی: لەژێر ڕۆشنایی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان (١٠) ڕێکاری دەرکرد، هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ تۆڕی زانیاریمان کە لە (٤٦) نوێنەر لە دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکانی هەرێم پێکدێت تا کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ توانراوه‌ نۆ ڕاپۆرت ئامادە بکرێت کە دوایینیان ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی ڕێژەی ڕاسپاردەکان بوو، لەمیانەی پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی، جگە لە (٥٠) ڕاپۆرتی ديكه‌ کە لە ڕێگه‌ی حکومەتی فيدراله‌وه‌ ئاراستەی وڵاتان، بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی کراون.
دواتر باسی لە پێشکەوتنەکانی حکومەتی هەرێم کرد لە نەهێشتنی گەندەڵی و بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و گوتی: لە ساڵی ٢٠٢٣دا، (١٤٠) دۆسیەی گەندەڵی تۆمارکراون و لە نێوانیاندا (٤٨) دۆسیە یەکلايى کراونەتەوە و (٣١)يش گەڕێنراونەتەوە دادگه‌، کۆی گشتيی سزادراوان لە ساڵی ٢٠٢٣، لە دادگه‌کانی هەرێمی کوردستان (٨٩) سزادراون لە پلە و پۆستی جیاجیا، لە ساڵانی ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ نزیکەی (٢٧٥) ملیۆن دۆلار خەرجیی ناپێویست کەمکراوەتەوە، لە ڕێگەی دانانی سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایيی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە ڕۆژی ١٣/٣/٢٠٢٤ یەکەم ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکيی هەرێم، سەبارەت بە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتمانيی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان ئامادەکرا و لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. سەبارەت بە هەوڵەکانی حکومەت بۆ نەهێشتنی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە هەرێم (٨) نووسینگە و شەڵتەرێکی تایبەت بە قوربانیيانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراونه‌ته‌وه‌، و لە ساڵی ٢٠٢٣دا (٢٩٤)حاڵەت تۆمارکراون، تیمە تایبەتەکان سەردانی (١٩٦) کۆمپانیایان کردووە، هەروەها (١٣) کۆمپانیا دراونەتە دادگه‌، كه‌ ٢ هه‌زار و ٥٠٠ کەسی بیانی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە نەهێشتنی توندوتیژيی خێزانی و کەرتی پەروەردە گوتی: (١٨,٦٢٠) کەیس تا سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن داواکاری گشتی تۆمارکراون، لەوانە (١٠,٨٩٧) کەیس یەکلاکراونه‌ته‌وه‌، هەروەها (٣١٣) کەیسی بەشوودانی پێشوەختە و (٨) کەیسی پەیوەست بە جیاکاريی ڕەگەزی، لێکۆڵینەوەیان تێدا کراوە و ڕێکاری یاسایيی پێویست گیراوەتەبەر، پێنج شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو هەن، لە ئێستادا (٩١) ئافرەتی تێدا نیشتەجێن لەوانە (٢١) بیانین، هەروەها کەرتی پەروەردە و خوێندن یەکێکە لەو بوارانەی لە چوار ساڵی ڕابردوودا گرنگییەکی بەرچاوی پێ دراوە، لەم ڕووەوە (٨٩) قوتابخانەی نوێ درووستکراون و (١,٣٠٠) قوتابخانەش لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان نۆژەن کراونەتەوە، جگە لەمەش لە ڕێگەی پرۆگرامی گەڕانەوە بۆ بەر خوێندن ئەم ساڵ توانراوە(٦,٨٨٧) قوتابی بگەڕێنەوە بەر خوێندن، لە ساڵانی ڕابردووشدا (٢٦,٣٨٤) کە کۆی گشتی دەکاتە (٣٣,٢٧١) قوتابی.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بۆ مەبەستی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تیرۆریستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، توانراوە زیاتر لە (٤٢) هەزار فایل، کە دەکاتە (٤٠٨,٥٤٠) لاپەڕە لە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دیکیۆمێنت بکرێت بەشێوەی دیجیتاڵی، دوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکانی (یونیتاد) بەڵگەنامەکانی ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرد، لە قۆناغی یەکەم بڕی (٤٥.٩٥) گیگابایت و لە قۆناغی دووەم بڕی (١١.٩) گیگابایت بەڵگەنامە، لە لایەکی دیکەوە حکومەت بەردەوام بووە لە ڕزگارکردنی ڕفێندراوان، تا ئێستا لە کۆی (٦,٤١٧) ڕفێندراو توانراوە زیاتر لە (٣,٥٧٩) کەسیان ڕزگار بکرێن. و بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت هاوکاريی دارایی بەسەر زیاتر لە (٣,٥٠٠) ڕزگاربووی دەستی داعش دابەش دەکرێت و پرۆسەکەش بەردەوامە.
کەرتی کار و پاراستنی مافی کرێکاران گرنگیی زۆری پێ دراوە، لەم ڕووەوە ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان گوتی: لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا (٣٤) لیژنەی کارا هەن. ژماره‌ی پرۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی ڕابردوودا له‌ (٢٨,٠٠٠)ــه‌وه‌ بوو به‌ (٥٢,٠٠٠) پرۆژە، كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو له‌ (٨٤,٠٠٠)ــه‌وه‌‌ بووه‌ به‌ زیاتر لە (١٩٠,٠٠٠) كرێكار و نزیکەی (١٠٠) هەزار هەلی کاری ڕاستەوخۆش ڕەخسێندراوە، هەروەها داهاتی ساڵانه‌ی سندوقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری کۆمەڵایەتی له‌ نزیکەی (٤٢) ملیار دیناره‌وه‌ بووه‌ به‌ زیاتر لە (١) ترلیۆن دینار و ژماره‌ی كرێكاری خانه‌نشینکراو له‌ (٧٢٦) کرێکارەوە بووه‌تە هه‌زار كرێكار.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و سزادانی بازرگانان و دووبارە شیاندنەوەی ئالوودەبووان، گرنگی زۆری پێ دراوە، بۆ ئەم مەبەستە ڕۆژی ٢٦/١١/٢٠٢٤ مه‌سرور بارزانى، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری هەولێر، بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکانی دانا، کە لەلایەن دەزگه‌ی خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی (LDS)ی ئەمەریکايیەوە بنیات دەنرێت. دەزگا ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دیاردە ترسناكە لە هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانەکان بەردەوامن، بەپێی ئامارەکان ژمارەی سزادراوان و ڕاگیراوان لە هەرێم بەرزبووه‌تەوە بۆ (٥,٢٤٩) کەس.

شایەنی باسەم لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرانی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان، حکومەت و فەرمانگە و دەستە سەربەخۆکان لەسەر ئاستی هەرێم، هەروها سەرۆکایەتيی کۆمار، وەزارەتی دەرەوە، وەزارەتی دادی فيدرال بەشدار بوون، لەلایەکی دیکەوە ژمارەیەک لە دیپلۆماتکاران، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، یۆنامی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە بوون.