ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەکات
ڕۆژى دووشهممه 23ى كانوونى يهكهمى 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە شاندێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (UNOCT) کرد، کە پێکهاتبوو لە زیشان ئەمین، بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدا و ئەگنس ڤینیما، بەڕێوەبەری پرۆگرامەکان لە (UNOCT).
لە کۆبوونەوەیەکدا زێباری تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا، بە تایبەتی دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش لە ساڵی 2014، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی تیرۆریستان و شێوازە جۆراوجۆرەکانی بووهوە و توانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت. هەروەها لە شهڕى دژی داعشیش ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی ئەم گرووپە.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەرەتای پێکهێنانی تیمی یونیتاد لە ساڵی 2017، بۆ یارمەتیدانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکان و بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتيی ئەرکەکەی کردووە، بۆ مەبەستی دادگاییکردنی تیرۆریستانى داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيان و کەسوکاریان. لەم ڕووەوە توانرا زیاتر لە (42,000) فایل لە (408,540) لاپەڕە لهبارەی تاوانەکانی داعش و تاوانباران دیکیۆمێنت بکرێن. دواتر تیشکی خستە سەر دادگاییکردنی تیرۆریستان و گوتی: بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستان، یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەرکارە، هەروەها بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش، حکومەتی هەرێم پرۆژەیاسایەکی تایبەتى ئامادە کرد، بەڵام لەلایەن دادگای فيدرالهوه ڕەت کرایەوە، بۆیە دوای کۆتاییهاتنى ئەرکی یونیتاد، پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ دادگاییکردنی تاوانباران و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيان و کەسوکاریان، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێم پێویستی بە بونیادنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانە لەبارەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەن خۆیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی بەغدای (UNOCT)، هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی لەم بارەوە بە گرنگ زانی و ڕایگەیاند: نووسینگەکەمان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، شیاندنەوەی تیرۆریستان، بونیادنانی تواناکان، یارمەتيی تەکنیکی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری ئەلکیترۆنی کار دەکات و هەوڵ دەدەین هاوکاريی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین لەو بوارانە.
زیشان ئەمین ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێک لەو بوارانەی گرنگی پێ دەدەین بریتییە لە بونیادنانی توانای لێکۆڵەران، هەروەها ئامادەیيی خۆیان نیشان دا بۆ هاوکاریکردن لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و لە داهاتوودا چوارچێوەی کارەکانیان فراوان دەکەن لە هەرێمی کوردستان، چونکە حکومەتی هەرێم ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و دادگاییکردنی تیرۆریستان.