Skip to the content

ديندار زێبارى: بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاريی پلانی هەرێمی ئاستی ئازاديی ڕۆژنامەنووسی بە ڕێژەی ٧٠% پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە

لە ماوەی ڕابردوودا کونسولخانەی گشتیی ئەمه‌ریکا لە هەولێر ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا خۆشحاڵە بە کەمبوونەوەی بەرچاوی پێشێلکاريیەکانی ئازادیی ڕاگەیاندن و پشتیوانی لە ژینگەیەک دەکات تێیدا ڕۆژنامەوانان بتوانن بە ئازادانە کاری خۆیان بکەن.

لەمبارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کونسولخانەی گشتیى ئەمه‌ریکا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا سەبارەت بە ڕەوشی ئازاديی ڕادەربڕین، ڕایگەیاند کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا خۆشحاڵە بە بەرەوپێشچوونی ئاستی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم. لەلایەکی دیکەوە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، ڕێکخراوی پەیامنێر بۆ ماف و گەشەپێدان و چەند ڕێکخراوێكی دیکەش ڕایانگەیاندووە کە ئاستی ئازاديی ڕادەربڕین و ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، پێشتریش کۆمیسيۆنی ئازادییە ئایینییەکان لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان گوتاری ئایینی و سیاسی لە میدیاکان یاخود ببێتە هۆی ڕق و توندوتیژی، تیرۆر، و پەراوێزخستن لەسەر بنەمای ئیتنی، ئایینی، یان زمان، قەدەغەیە.
زێباری هەروەها گوتی: پێشوازی لەم هەڵوێست و ڕاگەیەندراوانە دەکەین و بەرزیان دەنرخێنین، کابینەی حکومەتی هەرێم بە گرنگییەوە لە پرسی ئازاديی کاری ڕۆژنامەنووسی و ڕادەربڕین وەک یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ دەڕوانێت و بۆ په‌ره‌پێدانى زیاتر بەم بوارە کار ده‌كات، لەمیانەی جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە بەشی شەشەمی پلانیى هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ 2021-2025 دا هاتووە تایبەت بە ئازادیى ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی، کۆمەڵێک ڕێکارمان بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادە کردووە، كه‌ مەبەست لەم ڕێکارانە پتەوکردنی ئەو کەشە ئازادەی بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان فەراهەم کراوە تاکوو بەپێی یاسا و لە چوارچێوەی ئەرکی ڕۆژنامەگەریدا کاری خۆیان ئەنجام بدەن و هاوکاری حکومەت بن بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.
لەبارەی گرنگیی ڕێکارەکان گوتی: ئەم ڕێکارانە لە بەرژەوەنديی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بوو، بەتایبەتی جێبەجێکردنی یاسای کاری ڕۆژنامەنووسی، هەموارکردنی یاساکە ئەگەر پێویست بوو، میکانیزمی لێپێچینەوە لە بوونی پێشێلکاری لەبارەی ئازادیى ڕادەربڕین، خێراکردنی پڕۆسەی پێدانی زانیاری لەلایەن دامودەزگه‌ فەرمییەکان، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاکردنەوەی دۆسیەکانی ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیكە. لەگەڵ خودی ڕۆژنامەنووسان و میدیاکان، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لە پەیوەنديی بەردەوامدا بووین بۆ جێبەجێکردنیان بە باشترین شێوە، لایەنەکانیش هەوڵیان داوە بەپێی توانا و یاسا بەرکار و ڕێنماییەکان ئەم ڕێکارانە جێبەجێ بکەن، لە هەمان کاتدا لایەنە نێودەوڵەتییەکان، ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانیش هاوکار و ئاگه‌داری ئەم هەوڵانە بوون.
سەبارەت بە بەرەوپێشچوون لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، دیندار زێباری گوتی: لە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، ١١ ڕاسپاردە تایبەتن بە ئازاديی ڕۆژنامەنووسی، دوای ئامادەکردنی ئەو ڕێکارانە و بەپێی ڕاپۆرتی بەراوردکاریى نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە نێوانی ساڵانی 2022 و 2023 ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان بەم شێوەیە بوون:
لە ساڵی 2022 تەنیا 1 ڕاسپاردە جێبەجێکراوه‌، و 5 ڕاسپاردە جێبەجێ نەکرابوون، و 5 ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.
لە ساڵی 2023 دا ٧ ڕاسپاردە جێبەجێکراون و 1 ڕاسپاردە جێبەجێ نەکراوە و 3 ڕاسپاردەش لە قۆناغی جێبەجێکردندا بوون.
بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازاديی ڕۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە ٧٠% زیادی کردووە و ڕاگەیاندراوی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشکەوتنەن، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازاديی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنوسان و گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە بەم پرسە.