Skip to the content

ديندار زێبارى: حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی پەیماننامەی نێودەوڵەتيی تایبەت بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان هەنگاوی جددی ناوە

ڕۆژى 19ی شوباتی 2024، بە بەشداری شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانیشتنی 75ی خولی لیژنەی پەیماننامەی نێودەوڵەتی تایبەت به‌ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری جنێڤ بەڕێوە چوو.

لە  دەستپێکی گفتوگۆکاندا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە ساڵانی ڕابردوودا بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پەیوەست بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتورییەکان.

لە سەرەتای گوتارەکەیدا، دیندار زێباری ئاماژەی بە یاساکانی پەیوەست بە مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان کرد و گوتی: حکومەتی هەرێم بڕگەکانی پەیماننامەی نێودەوڵەتيی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە 24 یاسای ناوخۆییى هەرێم ڕەنگی داوەتەوە. بۆ پاراستنی پێکهاتە ئایينی و نەتەوەییەکان، لیستی مافی نەتەوە و ئایین و مەزهەبە ئايینییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لە ساڵی 2003 و یاسای مافی پێکهاتەکان ژمارە 5ی ساڵی 2015 دەرچووە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ستراتیژییەتی نیشتمانيی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان 2021-2025 پەسەند کرا، کە بریتییە لە پلانێکی تۆکمە بۆ بەدیهێنانی شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.

لە ساڵی 2023دا، ژمارەی سکاڵاکانی تایبەت بە دۆسیەی گەندەڵی لە هەرێم گەیشتە 393 لەوانە 248 کەیس ڕەوانەی دادگه‌ی تایبەت کراون، و 103 کەیس یەکلایی کراونەتەوە، هەروەها 42 دۆسیە بەهۆی کەمی بەڵگەی پێویستەوە، گەڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ دەستە.

سەبارەت بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە ئاوارەکان، زێباری گوتی: هەرێمی کوردستان لە ئێستادا میوانداری نزیکەی 966,992 ئاوارە و پەنابەر دەکات کە 697.986 ئاوارەی ناوخۆيين، حکومەتی هەرێم نزیکەی 80%ی پێداویستیيەکانیان دابین دەکات. ژمارەی قوتابیيانی ئاوارە بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 48,893 قوتابین لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکان.
دواتر تیشکی خستە سەر پاراستنی مافی کەمئەندامان و خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان و گوتی: ژمارەی کەسانی کەمئەندام و پێداویستيی تایبەت کە تا ئێستا لە هەرێم تۆمارکراون 78,335 کەسن، و کار دەکرێت بۆ تۆمارکردنی نزیکەی 15 هه‌زار کەسی دیکە. بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاريی بەو توێژە، حکومەتی هەرێم داتابەیسێکی ئامادە کرد کە هەموو زانیارییەکانی لەبارەیانەوە لەخۆ گرتبوو. 

لە ڕووی پەروەردەییەوە ژمارەی قوتابیيانی کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت بۆ ساڵی خوێندنی 2023-2024 لە هەرێمی کوردستان گەیشتە 1392 قوتابی، هەروەها بەشێوەی (إستثناء)، کورسی خوێندنیان لە زانکۆکان بۆ تەرخان کراوە. لەلایەکی دیکەوە لە دامودەزگه‌کانی کەرتی گشتی 13,249 کەسیان دامەزراون، بڕیار دراوە کە 3%ی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان پێ بدرێت لە کۆی 29 هەزار یەکە، کە حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ درووستکردنیان.

لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، ئاماژەی به‌و خزمەتگوزارییانە کرد کە حکومەت پێشکەشی پێکهاتەکانى دەکات و گوتی: لەدوای هێرشەکانی داعش لە ساڵی 2014، زیاتر لە 460 ئێزیدی ئاوارەی هەرێم بوون، کە حکومەتی هەرێم لە 14 کەمپدا نیشتەجێی کردن، هەروەها هاوکاری پێشکەش بە قوربانیيانی داعش بۆ دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگه‌ کرد، لەلایەکی دیکەوە هەوڵی بێوچان بۆ ڕزگارکردنی ڕفێندراوەکان دەدات، و لیژنەیەکی پێکهێنا و بودجەیەکی بۆ ئەو مەبەستە تەرخانکردووە بە هەوڵەکانی حکومەت تا ئێستا 3567 کەسیان ئازاد کراون و 2640 كه‌سيش ئازاد نەکراون.

له‌بارەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی خێزانی، زێباری گوتی: یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژيی خێزانی ژمارە 8ی ساڵی 2011 مافەکانی ئافرەتان زامن دەکات و لە ئێستادا کار بۆ هەموارکردنەوەی بەردەوامە، و یاسای دیکەش هەموار کراونەتەوە کە لە بەرژەوەندی ئافرەتان دان، لەلایەکی دیکە پێنج پەناگە بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو لە هەرێم کرانەوە و لە ئێستا 64 ئافرەت لە شەڵتەرەکاندا هەن. 

لە بواری کاردا، تا ساڵی 2021، ژمارەی ئەو ژنانەی لە کەرتی گشتی هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە گەیشتە 142,907 و لە کەرتی تایبەت 73,871. هەروەها ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم سیاسەتی پاراستنی مافی منداڵانی بۆ ساڵی 2023 پەسەند کرد.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان، گوتی: بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان بەم شێوەیە بوو: سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێری پەرلەمان لە پێکهاتەی تورکمان. 3 ئافرەت لە پۆستی وەزیر لە کابینەی نۆیه‌مى حکومەتی هەرێم، 2 لە پۆستی بریکاری وەزیر. 3 لە  پۆستی سەرۆکی دەستە بە پلەی بریکاری وەزیر هەیە. لە دەسەڵاتی دادوەریدا 72 ئافرەت لە پۆستی دادوەری سزادان، 65 داواکاری گشتی، زیاتر لە 200 یاریدەدەری دادوەری، و 500 لێکۆڵەری دادی. هەروەها زیاتر لە 1500 ڕۆژنامەنووسی ئافرەت لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون. 

لە بواری کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، یاسای کار لە مانگی ئازاری 2023 ڕەوانەی پەرلەمانی کوردستان کرا، 12 پشکنەری کار دانران، داهاتی ساڵانەی سندوقی دەستەبەری کرێکاران لە 74وە بۆ زیاتر لە 194 ملیار دینار بەرز بووەوە و هێڵی گەرمی 5500 بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کرێکارانی بیانی تەرخان کراوە.
لە بواری پێگەیاندن 514 خولی ڕاهێنانی پیشەیی ئەنجام دراون کە 7,484 کەس لێيان سوودمه‌ند بوون.
لە ساڵی 2023دا 3161 ئافرەت لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، دەستەبەر کراون کە 2836 هاووڵاتی هەرێم و 325 بیانین، لەلایەکی دیکەوە بە ڕێنماییى مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ درووستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کەسانی کەمدەرامەت و کرێچی دەکرێت. بەشێکیان تەرخان دەکرێن بۆ ئەو منداڵانەی کە لە خانەکانی چاودێریدا دەژین دوای ئەوەی تەمەنیان دەگاتە 18 ساڵ، بەشێکی دیکەشیان دەدرێتە ئەو ئافرەتانەی کە دۆسيه‌كانيان لە شوێنی داڵدەدان یەکلایی کراونه‌تەوە، بەڵام کەسوکارەکانیان وەریان ناگرنەوە.

لەبارەی خزمەتگوزارییەکانی بواری پەروەردە گوتی: پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای پەروەردە و فێرکردن ژمارە (13)ی ساڵی 2022ی دەرکرد، لەسەر بنەمای یاساکە سزای کارگێڕی دژی 22 ناوەند و قوتابخانە ناحکومییەکان گیراوەتە بەر کە سەرپێچيی ڕێنماییەکانیان کردبوو، سەبارەت بە گێڕانەوەی، ئەوانەی وازیان لە خوێندن هێناوە لە ساڵی خوێندنی 2023-2024 زیاتر لە 13.000یان گەڕاونەتەوە بەر خوێندن. لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2023دا 80 قوتابخانە دروستکراون، هەروەها 1320 قوتابخانەی دیکە نۆژەن کراونەتەوە  و بڕی 6 ملیار دیناری عێراقی بۆ دروستکردنی 348 ژووری نوێ لە قوتابخانەکان تەرخان کراوە. هەروەها 10 سەنتەری خوێندەواریش کراونه‌ته‌وه‌، کە 820 کەس لێیان سوودمەند بوونه‌.

لە کۆتاییى گوتارەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم، گرنگییەکی زۆری بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارەکان داوە، لەمڕووەوە 41 پرۆژە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی شوێنەوارەکان ئەنجامدراون. هه‌روه‌ها 3,200 شوێنەوار تۆمارکراون، و لە ساڵی 2023دا 69 شوێنەوار نۆژەنکراونەته‌وە و هەڵکۆڵینیان بۆ کراوە، هەروەها پلان بۆ جێبەجێکردنی 13 پرۆژەی دیکە بۆ نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزەکانی ئێزیدییەکان هەیە، جگە لە کارکردن له‌ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی لالش.