Skip to the content

ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان: بۆ ڕێکخستنی کاری میدیا و پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسان ڕێکاری تایبەت ئامادە کراوە

ڕۆژی ٧ی شوباتی ٢٠٢٤، ڕێکخراوی پەیامنێران بۆ ماف و گەشەپێدان، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوکردەوە سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بەم ڕاپۆرتە و ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنووسان لە کوردستان بەگشتی ڕایگەیاند: "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا ئەمە سێیەم ڕاپۆرتە لەسەر ئەو بابەتە بڵاو دەکرێتەوە." پێشتر هەریەکە لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و سەنتەری میترۆ دوو ئاماری دیکەی جیاوازیان لەبارەی ڕەوشی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن بڵاوکردووەتەوە لە ڕووی ژمارە و داتا، ئەمەش ئاماژەیەکە کە کۆمەڵگەی مەدەنی ئازادانە کاری خۆیان ئەنجام دەدەن.

زێباری ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ساڵانی ڕابردوودا بە سەدان میدیای جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێ بەخشراوە و کاراسانییان بۆ کراوە، هەروەها لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار ڕۆژنامەنووس وەک ئەندام تۆمار کراون و بە سەدان کەسی دیکەش هەن لە دەرەوەی سەندیکا، کاری ڕۆژنامەگەری دەکەن، لەم ڕووەوە ئازادیی کاری میدیایی ڕێزی لێ دەگیرێت و پەرەی پێ دەدرێت.

سەبارەت بە ڕێوشوێنە یاساییەکان بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان وتی: دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا بە جێبەجێکردنی فەرمانە دادوەرییەکانەوە پابەندن، هیچ پرۆسەیەکی پێچەوانە ڕێگەپێدراو نییە. دادگەکان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان لە هەرێمی کوردستان بڕیار لەو ڕووەووە دەدەن و کەیسەکانی ڕۆژنامەنووسان بەپێی یاسای ڕۆژنامەوانی ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ یەکلایی دەکرێنەوە. دەسەڵاتی دادوەری پێوەری تایبەتی هەیە بۆ جیاکردنەوەی یاساکان و جێبەجێکردنیان لە چوارچێوەیەکی دادوەری، بەڵام یاسای ڕۆژنامەگەری چالاکە و پێویستە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

د.دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ گوتی: بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆمەڵێک ڕێکاری ئامادە کردووە و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کردووە، سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی کاری ڕۆژنامەگەری، جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش دەبێت ئەم ڕێکارانە جێبەجێ بکەن، بەم پێیەش ڕێژەی ئەو ڕاسپاردانەی لە بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەری زیادی کردووە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانەکە، ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنوسان و گرنگیدانی حکومەتی هەرێمە بەم پرسە.