Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی فیدراڵ لە گفتوگۆکانی پەیماننامەی مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان لە جنێڤ بەشدار دەبین

بڕیاره‌ ڕۆژانی ١٩ و ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٤، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ گفتوگۆی ڕاپۆرتی خولی پێنجەمی کۆماری عێراق تایبەت بە پەیماننامەی نێودەوڵەتيى مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان بەڕێوە بچێت، و شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی شاندی حکومەتی فیدڕال بە سەرپەرشتیى وەزیری دادى فيدڕال د. خالید شوانی و سەرۆکی لیژنەی تایبەت بە ڕێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی ئیتحادی بەشداری لەو گفتوگۆیانە دەکات.
لەمبارەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرای كرد "بەشداریکردنی شاندی حکومەتی هەرێم لە چوارچێوی هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بەو ڕێککەوتننامە و پەیماننامانەی پەیوەستن بە مافی مرۆڤ لە حکومەتی فیدراڵە، بە مەبەستی خستنەڕووی پابەندبوونەکانی هەرێمی کوردستان بەو رێککەوتننامانە."
ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان سەرپەرشتیى شاندی حکومەتی هەرێم دەکات و گوتاری خۆی دەبێت، کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر ئەو یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوە کرداریانە کە لە هەرێمی کوردستان کاریان پێ دەکرێت.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕاگەیاند "بەشداریکردنی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەدا دەروازەیەکە بۆ ئەوەی بتوانێت پابەندبوونی خۆی بە پرەنسیپ و ڕاسپاردەکان بگەیەنێتە کۆمەڵگه‌ی نێودەوڵەتی لە بارەگا سەرەکییەکانی UN، لەوانە له‌ جنێڤ."
هەروەها لەم کۆبوونەوانەدا تیشک دەخرێتە سەر دوایین هەنگاوەکان بۆ جێبەجێکردنی پلانی حكومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، کە بەشی سیانزەیەمی تایبەتە بە مافە ئابووری، کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکان.
شایەنی باسە کارەکانی ٧٥ مین خولی لیژنەی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕۆژانی ١٢ی شوبات تا ١ی ئازار لە جنێڤ دەبەسترێت.