حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی مافی پێکهاتەکان دەکات
ڕۆژی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، د. دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازیی لە ئایدن مەعروف، وەزیری کاروباری پێکهاتەکان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد.
لە دیدارێکدا دیندار زێباری، باسی له گرنگی پاراستنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە حکومەتی هەرێم بە ئەولەویەتی کارەکانی دەزانێت و ئەرکی هەموو لایەکە پاڵپشتی لە پتەوکردنی ئەم پێکەوەژیانە بکەن کە ئەزموونێکی نوێ و بێ وێنەیە لە ناوچەکە بە گشتی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: "کێشەیەک لە بابەتی کۆتای پێکهاتەکان درووستکراوە و هەوڵێک هەیە بۆ کەمکردنەوەی ئاست و پێگەیان. پێمانوایە گرنگە سیستمی هەڵبژاردن بەو جۆرە بێت کە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت و بەو شێوەیە بێت کە خۆیان دیاریی دەکەن و لە هەر دەستکاری کردنێک رای پێکهاتەکان وەربگیرێت. لەم رووەوە پێویستە پێکهاتەکان لەسەر ئەم بابەتە رێککەون و کەس مافی ئەوەی نەبێت دەستکاری ئاست و جۆری نوێنەرایەتییان بکات لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێم، لەلایەن خۆمانەوە پاڵپشتی و پشتیوانی ئەم هەنگاوە دەکەین کە لە بەرژەوەندی ئەزموونی هەرێم بێت و ئەم پەیامە بە لایەنە نێودەوڵەتی و نیشتمانی و هەرێمییەکان دەگەیەنین".
زێباری تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی رێککەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانەوە پشتیوانی لە ئەزموونی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و بە هەنگاوێکی ئەرێنی و سەرکەوتووی دەزانن، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەکمان هەوڵی پتەو کردنی ئەم ئەزموونە و پێشخستنی بدەین.
لە دیدارەکەشدا ئایدن مەعروف، نیگەرانی خۆی دەربڕی لە دەستێوەردانی هەندێک لایەن لە کاروباری پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە بابەتی کورسی پێکهاتەکان و رایگەیاند:" کە پێویستە پێکهاتەکان خۆیان بڕیار بدەن لە ئاست و چۆنیەتی بەشداری کردنیان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان".