Skip to the content

ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بەئامانجگرتنى هاووڵاتیانى سڤیل پێچەوانەى بنەما گشتییەکانی یاساى نێودەوڵەتى و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤە

سەبارەت بەو هێرشە مووشەکییەی شەوی رابردوو کرایە سەر شاری هەولێر و جگە لە زەرەر و زیانی ماددی ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی، سەبارەت بەم هێرشە د. دیندار زێباری رێکخەرى راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌ کە ئەم هێرشە بەزاندنی سەروەری وڵاتێکی ئەندامی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و پێشێلکارییەکی روونی مافەکانی مرۆڤ و پرەنسیپە نێودەوڵەتییەکانە.

لە ماوەی رابردوودا زنجیرەیەکی هێرشی درۆن و موشەک شاری هەولێر کراوەتە ئامانج، دوایین هێرش و دەستدرێژی شەوی 15 لەسەر 16ی کانووی دووەمی 2024 بوو و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی سڤیل بوونە قوربانی و زەرەر وزیانێکی زۆریش بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان کەوت.

ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر شاری هەولێر، دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر ژیان و ئاسایشی هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان و پێشێلکاریی سەروەرى خاکی عێراقە، هەروەها پێچەوانەى بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتیى ژمارە (598) ى ساڵى (1987)ە تایبەت بە وەستاندنى شەڕ و ئاگربەست لە نێوان کۆمارى عێراق و کۆمارى ئیسلامى ئێران.

لە هەمان کاتدا دەستدرێژییە بۆ سەر کاروبارى نێوخۆى وڵاتێکى خاوەن سەروەرى بەپێى بڕیارى کۆمەڵەى نەتەوەیەکگرتووەکان ژمارە (103/36) لە رێکەوتى 9 کانوونى یەکەمى ساڵى 1981.

بەپێی پرەنسیپ و ئەعرافی نێودەوڵەتی پێویستە وڵاتان پابەندبوونى تەواویان هەبێت لە دەستوەرنەدان بە هەموو شێوازێک لە کاروبارى ناوخۆیى وڵاتانی دیکە بە هەر بیانوویەک بێت، ئەمەش زامنى پاراستنی ئاسایش و سەلامەتى و جێبەجێکردنى پەیماننامەى نەتەوەیەکگرتووەکانە.

بە پشتبەستن بە پێوەرەکانى یاساى نێودەوڵەتى، ئەو هێرشە موشەکییە بۆ سەر شارى هەولێر و بە ئامانج گرتنى هاووڵاتیانى سڤیل، پێچەوانەى بنەما گشتییەکانی یاساى نێودەوڵەتى و سەرپێچییە لە ماددەکانى رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانى مافى مرۆڤ و پەیماننامەى نێودەوڵەتى تایبەت بە مافە مەدەنى و سیاسییەکان کە ئاماژە بە مافى ژیان و سەلامەتى جەستە و سەروماڵى هاووڵاتیان دەکات.

هەروەها بەپێی ماددەى شەشەم لە پەیڕەوى ناوخۆى ئەنجومەنى کۆمکاری وڵاتانى عەرەبى، ئەم جۆرە کردەوانە پێچەوانەى مافەکانى مرۆڤە و پێویستە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەنجامدەرانی بکرێت و قەرەبووى ئەو زەرەر و زیانانەش بکرێتەوە کە بەر سەر و ماڵى هاووڵاتیانى سڤیل گەیشتووە.

پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات دەکاتەوە بۆ یەکلایى کردنەوەى کێشە و ئاڵۆزییەکان لە نێوان وڵاتان و چارەسەرکردنیان، پێویستە پەنا ببرێتە بەر رێگەى گفتوگۆکردن و لێکۆڵینەوە و نێوەندگیرى و گەڕانەوە بۆ یاسا و دادگا یان پەنابردن بۆ ئاژانس و رێکخراوە هەرێمایەتییەکان، یان هەر هۆکارێکى دیکە کە بە گونجاو دەبیندرێت.

پێویستە لەسەر ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى رێوشوێنى پێویست بگرێتەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارە بوونەوەى ئەم پێشێلکاریانە لەپێناو پاراستنى ئاسایش و سەلامەتى نێودەوڵەتى و نەهێشتنى هەڕەشەکردن لە ئاسایشى عێراق و پاراستنی سەربەخۆیى و سەروەرى و ئاسایشى.

بەشى یەکەم ماددەى یەکەمی پەیماننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە دەکات بە ئامانجەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان لە پاراستنى ئاشتى و ئاسایشى نێودەوڵەتى لە رێگەى ئاشتیانە، بۆ جێبەجێکردنى ئەم ئامانجەش پێویستە لەسەر نەتەوە یەکگرتووەکان رێوشوێنى هاوبەش بگرێتەبەر بۆ رێگرى کردن لە هۆکارەکانى هەڕەشەکردن بەپێى بنەماکانى دادوەرى و یاساى نێودەوڵەتى.

هەروەک ماددەى دووەمیش ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە وڵاتان دەکات کێشەکانیان بە رێگەى ئاشتیانە چارەسەر بکەن و بە شێوەیەک کە ئاشتى و ئاسایش و دادپەروەرى نێودەوڵەتى رووبەڕووى هەڕەشە نەبێتەوە.