Skip to the content

لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی داعش ڕادەستی حکومەتی هەرێم کرا

ڕۆژى پێنجشەممە 11ی تەممووزی 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی کرد لە ستیڤن ماتیاس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی و ئانا پێرۆلۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت كرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجومەنی ئاسایش و ڕادەستکردنی بەڵگەی تاوانەکان بە حکومەتی هەرێم.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کۆبوونەوەکەوه‌ گوتی: لەمیانەی هەماهەنگيمان لەگەڵ تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، بۆ مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە 2697ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ڕادەستکردنەوەی ئەو بەڵگەنامە و زانیاریيانەی کە لەلایەن تیمی یونیتادەوە هاوبەشی پێ کراوە، لە ڕێگه‌ی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانەوە ڕادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێن، پرۆسەکەش ئەمڕۆ کەوتە بواری جێبەجێکردنه‌وه‌.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: ئەو بەڵگانەی ئەمڕۆ ڕادەستمان کران، ئەو زانیاری و کەرەستانەی یونیتاد بوون، کە لە دەسەڵاتی دادوەری و دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتوون، سەرەڕای بەشدارییەکانی لێکۆڵەران، پسپۆڕانی یاسایی، پسپۆڕانی پزیشکی، دادوەری و شیکەرەوەکانيش لەخۆ دەگرێت، کۆی قەبارەی داتاکان دەگاتە 45.95 گیگابایت کە کۆدکراو و پارێزراوە.

زێباری ئەوەشی گوت: یونیتاد بەرنامەی تایبەتی بەکارهێناوە بۆ کۆپیکردنی ئەم زانیاریانە بە شێوازی ئەلیکترۆنی، دوای پشتڕاستکردنەوەی ورد لە بەڵگەکان بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو لایەنانەی کە لەسەر پرۆسەی دادگاییکردن لە تاوانە نێودەوڵەتییەکانی داعش ئيش ده‌كه‌ن، سوودیان لێ ببینن.
لە بارەی گرنگی ڕادەستکردنی ئەم بەڵگەنامانە بە حکومەتی هەرێم، رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: گرنگی ئەم پرۆسەیە لەوە دایە دادگه‌کانی هەرێمی کوردستان دەتوانن سوود لەو بەڵگەنامانە وەربگرن بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکان (تاوانی جەنگ، تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید) کە دەرهەق بە کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی ديكه‌ ئەنجامیان داوە.

دیندار زێباری زیاتر گوتی: لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، بەردەوام دەبین لە هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد، تا کۆتایيی مانگی ئەیلوول، لەم ڕووەوە بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی داهاتوو خولی مەشق بۆ ژمارەیەکئەفسەری ئەمنی تایبەت بە پرۆگرامی پاراستنی شایەدحاڵەکان ئەنجام بدرێت بە مەبەستی دامەزراندنی یەکەیەکی کاریشایەدحاڵەکان لە وەزارەتی ناوخۆ. هەروەها دوای مانگی ئەیلول ئێمە چاوەڕێی هەنگاوەکانی داهاتووی کۆمەڵگاینێودەوڵەتی و حکومەتی ئیتحادی دەبین بۆ مامەڵە کردن لەگەڵ مەلەفی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و لەسەر ئەو بنەمایە هەنگاوەکانی خۆمان دادەڕێژین، بە جۆرێک لە بەرژەوەنديی قوربانیيان و کەسوکاریان بێت.

لەلایەن خۆیانەوە بەڕێزان ستیڤن ماتیاس، یاریدەدەری ئەمینداری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری یاسایی و ئانا پێرۆلۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەیان بەوە دا کە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیاندا خۆشحاڵن بەو هەماهەنگی و پاڵپشتییە بەردەوامەی حکومەتی هەرێم پێشکەشى دەکات، بەتایبەتی لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و پرۆژەی ئەرشیفکردن و دۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی داعش، کە پێشکەوتنی زۆری بەدەست هێناوە،هەروەها مەشق و ڕاهێنان لە بواری پرۆژەکانی بەڵگەنامەسازی لە هەرێم.