Skip to the content

دیندار زێباری پێشوازی لە نوێنەری هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا کرد

بە مەبەستی هەماهەنگیی زیاتر لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، هەروەها ڕاگەیاندنی پرۆژەی پشتیوانیی داراییی کەنەدایی، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕال، لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی تەممووزی ٢٠٢٤، کۆبوونەوەیەکی فراوان، بە سەرپەرشتیی د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم کرا.
لە کۆبوونەوەکە هەر یەک لە کریستینا ئالبرتین، نوێنەری هەرێمیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، لە ئۆفیسی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە ماددەی هۆشبەر و تاوان (UNODC) و عەلی ئەلبەریر، بەرپرسی ئۆفیسی عێراقی (UNODC) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەشدار بوون.

لەم بارەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، سەردانی شاندی ناوبراویش بۆ هەمان مەبەست بووە، بەتایبەتی ڕاگەیاندنی پرۆژەی پشتیوانیی داراییی کەنەدایی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕالی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: لەمیانەی هەماهەنگیمان لەگەڵ (UNODC)، توێژینەوەیەکی وردیان بە ناونیشانی شێوازەکانی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر لە ڕێگەی عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئەنجام گەیاندووە، توێژینەوەکە بەوردی تیشکی خستۆتە سەر پرۆسەی بەقاچاخبردنی ماددەی هۆشبەر و شێوازەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی، ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ حکومەتی هەرێم، کە لایەنە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان دان بە بوونی ئەم گرفتە دادەنێن لە هەرێمی کوردستان و وەڵامی داواکارییەکانی ئێمەیە، هەروەها دەبێتە هۆی بەرچاوڕوونی و کاراسانیی زیاتری لایەنە حکومییەکان لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر.

سەبارەت بە ڕاگەیاندنی پرۆژەی پشتیوانیی داراییی کەنەداییش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوە کرد و ڕایگەیاند: لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم پێویستیان بە هاوکاری هەیە، بەتایبەتی لە ڕاهێنانی کارمەندانی بەش و پسپۆڕییە جیاوازەکان، بوونی هەماهەنگیی زیاتری نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان، دابینکردنی پێداویستیی لۆجیستیکى له ئامێری پێشکەوتووی پشکنین، ئامێرە پزیشکییەکان، بەدیجیتاڵکردنی داتا، بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین، بە دابینکردنی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو. لەم ڕووەوە پرۆژەی پشتیوانی داراییی کەنەدایی، هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم لەو بوارانەی کە ئاماژەیان پێ کرا.

لەلایەن خۆیەوە کریستینا ئالبرتین، پێزانینی خۆی بۆ هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان دەربڕی، لە نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵەکانی حکومەتی بە گرنگ وەسف کرد.

هەروەها عەلی ئەلبەریر ڕایگەیاند: کە لە ئێستادا پرۆژەیەکی لێکۆڵینەوەیان بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لە قۆناغی جێبەجێکردندایە، بە مەبەستی دۆزینەوەی باشترین میکانیزمەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر لە عێراقدا و بە کۆتاییهاتنی پرۆژەکە، دەتوانن هەنگاوی باشتر و وردتر لە هەرێمی کوردستان و عێراق لەم ڕووەوە بنرێن.