Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە کونسولی گشتیی ئەمەریکا کرد

ڕۆژی دووشەممە ١٥ی تەممووزی ٢٠٢٤، د. دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە مارك سترۆ، کونسولى گشتیى ئەمەریکا و شاندى یاوەرى کرد.
لە دیدارێکدا باس لە پلانى هەرێمى کوردستان بۆ مافەکانى مرۆڤ کرا و تیشک خرایە سەر قۆناغە جیاجیاکانى پلانەکە. لەلایەکى تر باس لەو هەماهەنگییانە کرا، کە نووسینگەى ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە ڕێى وەزارەتى داد و وەزارەتى دەرەوە لە حکومەتى فيدڕاڵ ئەنجامی دەدات و بەشداریى هەرێمى کوردستان شانبەشانى حکومەتى فيدڕاڵ لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا.

لە بەشێکى ترى ئەم چاوپێکەوتنەدا گفتوگۆ لەبارەى بابەتى بازرگانیکردن بە مرۆڤ، بابەتى ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقلییەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کارکردنیان لە هەرێم، کەیسى ڕۆژنامەوانان لە هەرێمى کوردستان کرا. باسیش لەو هەنگاوانە کرا کە حکومەتى هەرێم بەرنامەڕێژى بۆ کردوون.

لاى خۆیەوە کونسولی گشتیى ئەمەریکا ستایشى هەوڵەکانى هەرێمى کوردستانى کرد، لە ڕووبەڕووبوونەوەى ماددە هۆشبەرەکان، کە ئێستا لە تەشەنەکردنى بەردەوامدایە، هەروەها لە ڕووبەڕووبوونەوەى بازرگانیکردن بە مرۆڤ. لە کۆتاییدا کونسولی گشتیی ئەمەریکا ئامادەییى خۆی و وڵاتەی بۆ هاوکارى و هەماهەنگى و کارى پێکەوەیى لە داهاتوودا دەربڕی.