Skip to the content

دیندار زێباری: ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە حکومەتی هەرێم گەیشتۆتە 74.1%

ڕۆژی چوارشەممە ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٤، ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی ئاساییی خۆی کرد، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕاپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم، بۆ مافەکانی مرۆڤ بە میوانداری د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم.

لە کۆبوونەوەکە ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەنگاوەکانی ئامادەکردنی پلانەکە و پشتگیریی بەردەوامی سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و هاوکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەرێم لە جێبەجێکردنیدا.

سەبارەت بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە، دیندار زێباری زیاتر گوتی: پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ بە بەشداری و ڕاوێژکردن بە دەسەڵاتی دادوەری، سەرۆکایەتى هەرێم، سەرۆکایەتیی پەرلەمان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریى عێراق (یۆنامی)، گشت وەزارەت، فەرمانگە، دەستە، کۆمەڵگەی مەدەنی، سەندیکا پەیوەندارەکان و دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، وەک لایەنی چاودێر لە جێبەجێکردنی پلانەکە ئامادە کراوە، پلانەکە لە ٢٧ بەش پێکدێت.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی باس کرد کە تا ئیستا بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوو کۆنفرانسی تایبەت لە چوارچێوەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی پلانەکە ئەنجام دراوە، لەلایەکی دیکەوە بۆ یەکەمجار سیستمێکی داتابەیسی تایبەتمان بە پلانەکە داناوە و لەمەودوا سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی ئەلیکترۆنی، بەشدار دەبن لە هەنگاوەکانی جێەجێکردنی پلانەکە.

هەروەها نزیکەی ١٠ ڕێکارمان ئامادە کردووە لە بوارەکانی نەهێشتنی بازرگانی کردن بە مرۆڤ، بەخشینی ئەندامانی جەستە، بەڕێوەبردنی چاکسازییەکان، مافی کەمئەندام و خاوەنپێداویستی تایبەت، نەهێشتنی گوتاری ڕقلێبوونەوە، نەهێشتنی ماددەی هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، ئازادی ڕادەربڕین، نەهێشتنی ئەشکەنجەدان و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەر.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان زیاتر گوتی: ڕاپۆرتی شەشەم (راپۆرتی ساڵی دووەمی جێبەجێکردنی پلانەکە) هەڵسەنگاندنێکی گشتگیری بەراوردکاری دەخاتە ڕوو، بۆ پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پلانەکە، بەپێی دامودەزگە پەیوەندیدارەکان لە هەر سێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، لە نێوان کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ تا کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣.

د.دیندار زێباری باسی لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لەسەر ئاستی دەسەڵاتەکان کرد و گوتی: کۆی گشتی ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن کراون، بریتی بووە لە ٤٤٨ ڕاسپاردە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٢٠٤ ڕاسپاردە جێبەجێکراون، و ١٥٩ جێبەجێنەکراون، ٨٥ ڕاسپاردەش لە پرۆسەی جێبەجێکردن دابوون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣ ڕاسپاردە جێبەجێکراوەکان بەرزبوونەتەوە بۆ ٢٧١ و جێبەجێنەکراون کەم بوونەتەوە بۆ ٥٦، ئەوانەی لە قۆناغی جێبەجێکردنیشدان گەیشتە ١٢١. بەمەش ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتە ٧٤.١٪.