ڕێكخهرى ڕاسپارده نێودهوڵهتييهكان: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە مەلەفی بێسەروشوێنبووان دەدات
![](/media/26880/whatsapp-image-2024-05-23-at-134208_c6ff3dec.jpg?anchor=center&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133609353270000000)
ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەشداری لە وۆرکشۆپێک لەبارەی کەیسی بێسەروشوێنبووان کرد، کە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان (ICMP) ڕێکخرابوو. و تێیدا د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی، د. زێدان خەلەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک ڕێکخراوی ناوخۆیی و لۆکاڵی ئامادەی بوون.
لە وۆرکشۆپەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستەر ئەوەی کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانی، گەورەترین قوربانیی تاوانی بێسەروشوێنکردن بووە، لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەوە تا دەگاتە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش.
دیندار زێباری هەروەها گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بەم مەلەفە داوە، لە دەرکردنی یاسا و یارمەتیدانی قوربانییان و کەسوکاریان و پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش.
لەبارەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، گوتی: داعش هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی ڕفاند، کە ژمارەیان ٦ هەزار و ٤١٧ کەس بوون و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم تا مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، ٣ هەزار و ٥٧٦ کەس ڕزگارکراون، کە ١٢٠٨ژن و ٣٣٩ پیاو و ١٠٧٠ کچ و ٩٥٩ کوڕ بوون، ٢ هەزار ٦٩٣ کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: حکومەتی هاوکاری قوربانییان و ڕزگاربووانی کردووە، لەوانە کردنەوەی ٥٠ سەنتەری هۆشیاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی لەناو کەمپەکاندا، هەروەها دامەزراندنی ناوەندی "جینۆساید" لە پارێزگەی دهۆک، دامەزراندنی سەنتەرێک لە هەولێر بۆ چاککردنەوەی ژنانی ڕزگارکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و ڕێکخراوی ئەمریکی (CRI)، کە سەدان ڕزگاربوو لێی سوودمەند بوون، پێشکەش کردنی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ زیاتر لە هەزار و ٢٧٨ کەس لە سەنتەری ڕاوێژکاری لە دهۆک، لە ڕێگەی یەکەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ستافی ڕاهێنراوەوە، هەروەها ناردنی زیاتر لە هەزار ئافرەتی ڕزگاربووی داعش بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەروونی.
دواتر زێباری تیشکی خستە سەر بە دۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکانی داعش و گوتی: چوارچێوەی هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC)، لە مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، زیاتر لە ١٦١ هەزار و ٢٠٩ لاپەڕە لە ٢ هەزار و ٢٢٥ دۆسیە لە دادگەی دووەمی تاوانەکانی هەولێر ئەرشیف کراون، لە دهۆک لە کۆی ٢ هەزار و ٥٨٧ فایل لە ١٢٤ هەزار و ٥٠٧ لاپەڕە ئەرشیف کراون، لە لایەکی دیکەوە، پرۆژەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەستی پێ کردووە و لە کەرکوک - گەرمیان گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دۆکیومێنت بکرێن، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.