ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢٦٩٧) تاووتوێ دەکەن
ڕۆژى دووشەممە 20ی ئایاری 2024، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە حکومەتی هەرێم، پێشوازی لە ئانا پیریۆ رۆپیس، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتيی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) بە وەکالەت كرد، کە بۆ یەکەم جارە سەردانی هەرێم دهكات دوای وەرگرتنی ئەرکەکەی. لە دیدارێکدا باس لە ئەرک و چالاکییەکانی یونیتاد و دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢٦٩٧) کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لە سەرەتای پێکهێنانی تیمی یونیتاد، بە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (2379)ـی ساڵی ،2017 بە مەبەستی یارمەتیدانی عێراق لە لێکۆڵینەوەکان و بە دیکیۆمێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش، هەرێمی کوردستان پاڵپشتيی ئەرکەکەی کردووە، بۆ مەبەستی دادگاییکردنی تیرۆریستانى داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيان و کەسوکاریان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم هەماهەنگی هەبووە لەگەڵ یونیتاد، بەتایبەتی لە پرۆژەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان، لە مانگى حوزەیران تاکوو تشرینى یەکەمى ٢٠٢٣ لە دادگاى تاوانى دووى هەولێر، لە کۆى (2.225) کەیس (161.209) لاپەڕە ئەرشیفکراون، لە دادگاى تاوانى یەکى دهۆک لە مانگى ئاب تاکوو تشرینى یەکەمى ٢٠٢٣ لە کۆى (2.587) فایل لە کۆی (124.507) لاپەرە ئەرشیفکراون، لە دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی، پرۆژەکە دەستی پێ کردووە و لە دادگهی تێهەڵچوونەوەی کەرکوک - گەرمیان گەیشتووهتە قۆناغەکانی کۆتایی. مەبەست لەم پرۆژەیە بەکارهێنانی ئەو بەڵگەنامانەیە دژی تیرۆریستانی داعش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی نێودەوڵەتی، کە بریتین لە تاوانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید.
دیندار زێباری ئەوەشی گوت: سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایش ژمارە (٢٦٩٧)، حکومەتی هەرێم تیمە تەکنیکییەکانی خۆی پێکهێناوە بۆ ڕادەستکردنەوەی بەڵگەنامەکانی نووسینگەکانی هەولێر و دهۆک، بە حکومەتی هەرێم و بڕیاریشە لە ماوەی داهاتوودا بەشداری خولی مەشق و ڕاهێنانی تایبەت بە دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەکان بکەن.
لەلایەن خۆیەوە ئانا پیریۆ رۆپیس گوتی: خۆشحاڵم بە هەماهەنگی و پاڵپشتيی بەردەوامی حکومەتی هەرێم لە نووسینگەکانی یونیتاد لە هەولێر و دهۆک بۆ ئەنجامدانی ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی بەتایبەتی لە پرۆژەی ئەرشیف و دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش کە هەنگاوی زۆری بڕیوە، لە ماوەی داهاتوودا یونیتاد بەردەوام دەبێت لە هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی مەشق و ڕاهێنان لە پرۆژەی دیکیۆمێنتکردنی بەڵگەنامەکان و بەرزکردنەوەی تواناکان مەشقی دەزگا فەرمییەکان لە پاراستنی شایەتحاڵەکان.
سەرۆکی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) هەروەها گوتی: یونیتاد لەمیانەی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی لە عێراق دانی بەو تاوانەدا ناوە، بۆ ئەوەی لە خانەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئەژمار بکرێن و توانراوه کە بەڵگەیەکی زۆر کۆ بکرێنەوە، بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بە بوونی چوارچێوەیەکی یاسایی، سوود لەو بەڵگانە وەربگیرێت بۆ ناساندنیان وەکوو تاوانی نێودەوڵەتی، کە ئەمەش دەستکەوتێکی گرنگە بۆ دادپەروەری. گرنگییەکی زۆر بە پرسی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش دەدات، بۆ ئەم مەبەستەش کار دەکەین لە هەمان کاتدا بەڵگەکان بەکاردەهێنرێن بۆ نیشاندانی دڕندەیی ئەو تاوانانەی داعش ئەنجامی داون لەسەر ئاستی جیهانی.