Skip to the content

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەردانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان دەکات

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ، بۆ فرەلایەن و کاروباری یاسایی، سەردانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی لە حکومەتی هەرێم کرد.

لە دیدارێکدا لەگەڵ دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشک خرایە سەر ئاڵوگۆڕی زانیاری، بیروڕا و نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و ڕاوێژکردن لە تەوەرە پەیوەندیدارەکان بە مافەکانی مرۆڤ.

بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فیدراڵ بۆ فرەلایەن و کاروباری یاسایی دووپاتی کردەوە کە بەشداری کارای حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ، پەیماننامە و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی دیدگای حکومەتی هەرێم لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان، کە لە دەرەوە دەبەسترێن، هەنگاوێکی گرنگە بۆ حکومەتی ئیتیحادی و حکومەتی هەرێم.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لە بارەی مافی مرۆڤ، بە تایبەتی لەسەر ئاستی دەرەوە، پێویستە کاری زیاتر بکرێت لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم، بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش و بەشداریی کارای حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی لەبارەی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، کە دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی گوتار و هەڵوێستەکانی عێراق لەو کۆبوونەوانە.

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگی دانانی ڕێوشوێن و میکانیزمی تایبەت کردەوە، بۆ ئەوەی بابەتی بەشداریی حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە، کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر ڕادەی پابەندبوونی عێراق بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە پەیماننامە و ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.