Skip to the content

تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژی ڕێک خست

ڕۆژی دووشەممە ٦ـی ئایاری ٢٠٢٤، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە داعش ئەنجامیداون، (یونیتاد) وۆرکشۆپێکی دوو ڕۆژی لە شاری هەولێر ئەنجام دا، سەبارەت بە کەلەپووری کولتووری لەبارەی لەناوبردن و زیانگەیاندن و خراپبەکارهێنان و دەستبەسەرداگرتن و بازرگانیکردن بە کولتوور.

لە دەستپێکی وۆرکشۆپەدا کە ژمارەیەکی زۆر پسپۆڕی بواری شوێنەوار لە تیمی یونیتاد و حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی و ڕێکخراوەکان ئامادەی بوون، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم گوتەیەکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە کردەوە تێکدەرانەکانی داعش نەک تەنها شوێنەوارەکانی ڕوخاندووە، بەڵکو؟هەوڵێک بوو بۆ سڕینەوەی ناسنامەی مرۆڤایەتی بەشێوەیەکی گشتی.

حکومەتی هەرێم گرنگی بە بابەتی پاراستنی شوێنەوار داوە، بەپێی یاسای ژمارە ٥ـی ساڵی ٢٠٢١، ئەم یاسایە جەخت لە بەڕێوەبردن و پاراستنی شوێنەوارەکان دەکاتەوە و بەشێکە لە پاراستنی مافە سیاسی، مەدەنی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکان.

سەبارەت بە پاراستنی شوێنەوارەکانیش گوتی: سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، حكومه‌تی هه‌رێم بڕیاری دا بە پەرەپێدانی شوێنەوارەکان و پاراستنیان، بە هەماهەنگی لەگەڵ پەیمانگە و كۆلێژە پسپۆڕەكانی بواری شوێنەواری جیهانی، تا ئێستا ٤٠٪ـی هەرێمی كوردستان ڕووپێوی كراوە و لەم ڕووەوە نزیكەی ٣٢٠٠ ناوچەی شوێنەواری تۆماركراون، هەروەها ٤١ پرۆژەی شوێنەواری لەپێناو پاراستن و پەرەپێدانی شوێنە مێژووییەکان جێبەجێ کراون.

لە ساڵی ٢٠٢٢، لەبارەی نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەکان، نزیكەی ٢٣ شوێنەوار  لەسەر بودجەی تایبەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ١٩ شوێن لەسەر بودجەی ڕێكخراوە بیانییەكان و كەسایەتی و ڕێكخراوە ناوخۆییەكان نۆژەن كراونەتەوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: لە ساڵی ٢٠٢٣ ‌‌‌بە‌ نۆژەنکردنەوە و هەڵکۆڵین، ٦٩ پێگەی شوێنەواری پارێزراون، کاریان تێدا کراوە و بەدواداچوون بۆ ١٣١ شوێنەوار کراوە، بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتییان.  هەروەها ٧٩ شوێنەوار لە سنووری پارێزگەی دهۆک بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچە سنوورییەکان خاپوور کراون. 

لەلایەکی دیکەوە پاڵپشتیی بەردەوامی بۆ ناوەندی ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیی لالش دەکرێت، لەگەڵ دەستپێشخەری بۆ نۆژەنکردنەوەی مەزارگەی لالش و قوب لە شێخان. پلان هەیە بۆ جێبەجێکردنی ١٣ پرۆژەی دیکە بە ئامانجی نۆژەنکردنەوەی شوێنە پیرۆزە گرنگەکان بۆ کۆمەڵگەی ئێزیدی لە ناوچە جیاوازەکاندا. 

ديندار زێباری لە درێژەدا گوتی: دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش دەستیان کرد بە تێکدان و  لەناوبردنی میراتی کولتووری لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧، بودجەی بەخشەرە نێودەوڵەتییەکان لە هەندێک ناوچەی عێراقدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کرد.

لە کۆتاییدا گوتەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: میراتی کولتووری لە عێراقدا تەنیا بابەتی پاراستنی ڕابردوو نییە، بەڵکو لایەنێکی گرنگە بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵات. پاراستن و بەرەوپێشبردنی شوێنەوارە کولتوورییەکان، هەروەها مافی پێکهاتەکان و تاکەکان، لەپێش هەموو شتێکەوەیە، بۆ دەستەبەرکردنی کۆمەڵگەیەکی زیندوو و هەمەچەشنی عێراقی بۆ نەوەکانی داهاتوو.