Skip to the content

ديندار زێبارى پێشوازی له‌ بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی و ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ كرد

ڕۆژى پێنجشه‌ممه‌ ٢٣ی ئایاری ٢٠٢٤، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی و د. زێدان خەلەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ كرد.

لە کۆبوونەوەیەکدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکومەتی هەرێم بەشدارییەکی بەرفراوانی هەیە، بە مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ حکومەتی فيدڕالى لە ڕێگه‌ی لیژنەی نیشتمانی نووسینی ڕاپۆرتی ئەو ڕێککەوتننامانەی عێراق پەسەندی کردوون و وەڵامدانەوەی ئەو تێبینی و ڕاسپاردانەی تایبەتن بە ڕێککەوتننامەکان، ئەم بەشدارییە پێويسته‌ و تا ئێستا سەرکەوتوو بووە، لەو مەحفەلانە ڕاپۆرت و زانیارییەکانی هەردوولا تەواوکەری یەکترین، چونکە هەر پابه‌ندييه‌ك لەسەر حکومەتی فيدرالى بێت دەکەوێتە سەر حکومەتی هەرێمیش، هەروەها لە مەلەفی یونیتاد هەماهەنگیمان هەبووە و بەردەوامیشە.

د. ديندار زێبارى ئەوەشی ڕاگەیاند “لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران، حکومەتی هەرێم پلانێکی گشتگیری ڕاگەیاندووە به‌ مەبەستی جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان لەڕووی حوکمڕانیی باش، ئەویش پەسەندکردنی پلانی حکومەتی هەرێمە بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە ئێستادا لە پرۆسەی جێبەجێکردندایە.”

لەلایەن خۆیەوە د. هیشام عەلەوی بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی، گوتی: مەلەفی مافی مرۆڤ بە سەرکەوتووترین مەلەفی هاوبەشی نێوان حکومەتی فيدرال و حکومەتی هەرێم هەژمار دەکرێت. لە ماوەی ڕابردوودا ئاستی هەماهەنگی، هەنگاوی باشی بڕیوە و داتا و زانیاری و تێبینییەکان و بەشداريی نوێنەرانی حکومەتی هەرێم لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق، بەشدارییەکی کارا و سەرکەوتوو بووە و تەواوکەری ڕاپۆرتەکانی کۆماری عێراق بووە لە زۆر ڕووەوە.

هەروەها گوتی: لە بابەتی وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، گرنگە حکومەتی هەرێم و حکومەتی فيدڕالی، ساڵانە خۆیان ڕاپۆرت دەربکەن و تیشک بخەنە سەر ئاستی بەرەوپێشچوونی پابەندبوون بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.