Skip to the content

سەرکۆمارى عێراق پێشوازی لە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ١٤ــی ئایاری ٢٠٢٤، لە شاری بەغدا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی د.عبداللطیف جەمال ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، باسی لە گرنگيی پابەندبوون و جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ و گرنگیدان بەو مەلەفە، چونکە ڕۆڵێکی سەرەکی لە خستنەڕووی پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و حوکمڕانیی باش هه‌يه‌.

دیندار زێباری له‌بارەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم سه‌باره‌ت به‌ مافەکانی مرۆڤ گوتی: لە حکومەتی هەرێم ئیرادەیەک هەیە بۆ پاراستن و بەرگریکردن لە بەها و پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ، لەو ڕووەوە هەنگاوی باش نراوە لە دەرکردنی یاسا و ڕێنمایی و هەنگاوی کرداری و پەسەندکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە پرۆسەی جێبەجێکردندایە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر گوتی: بۆ یەکخستنی هەڵوێستەکان لەبارەی مافی مرۆڤ، بەتایبەتی لەسەر ئاستی دەرەوە، پێویستە کاری زیاتر لە نێوان حکومەتی فيدراڵ و حکومەتی هەرێم بكرێت، بۆ ئەنجامدانی کاری هاوبەش و بەشداريی کارای حکومەتی هەرێم لەو کۆبوونەوانەی لەبارەی مافی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدرێن، کە دەبێتە هۆکاری بەهێزکردنی گوتار و هەڵوێستەکانی عێراق لەو کۆبوونەوانە.

لەلایەن خۆیەوە سەرۆککۆمارى عێراق، دووپاتى له‌ گرنگيى هاوکاری و پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی پەیوەندیدار بە ماف و ئازاديیەکان کردەوە، بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی کولتووری مافەکانی مرۆڤ، بە شێوەیەک کە دادپەروەريی کۆمەڵایەتی بەدەست بهێندرێت، لەسەر ئاستی پەروەردە، ڕۆشنبیری و ڕێزگرتن لە پێکەوەژیانی ئاشتیيانەی نێوان پێکهاتەکان.

سەرۆککۆمار هەروەها هەوڵەکانی چەسپاندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕێکخراوەکان و ئەو پێداچوونەوانەی لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەرەوە ئەنجام دەدرێن، بۆ بڵاوکردنەوەی کولتووری ڕێزگرتن لە ئازادییەکان و بوونی پەیوەندییەکی بەهێز لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فيدراڵ لە مەلەفی مافەکانی مرۆڤ بە گرنگ وەسف کرد.