Skip to the content

ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی بە مەلەفی بێسەروشوێنبووان دەدات

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ئایاری ٢٠٢٤، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، بەشداری لە وۆرکشۆپێک لەبارەی کەیسی بێسەروشوێنبووان کرد، کە لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی بێسەروشوێنبووان (ICMP) ڕێکخرابوو. و تێیدا د. هیشام عەلەوی، بریکاری وەزارەتی دەرەوە بۆ پلاندانانی سیاسی، د. زێدان خەلەف، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ مافی مرۆڤ و ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەک ڕێکخراوی ناوخۆیی و لۆکاڵی ئامادەی بوون.

لە وۆرکشۆپەکەدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گوتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستەر ئەوەی کە گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانی، گەورەترین قوربانیی تاوانی بێسەروشوێنکردن بووە، لە هەڵمەتەکانی ئەنفال و هەڵەبجەوە تا دەگاتە هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش.

دیندار زێباری هەروەها گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆری بەم مەلەفە داوە، لە دەرکردنی یاسا و یارمەتیدانی قوربانییان و کەسوکاریان و پێکهێنانی لیژنەی باڵا بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و ڕزگارکردنی ڕفێندراوان و بە دۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی داعش.

لەبارەی ڕزگارکردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، گوتی: داعش هەزاران هاووڵاتی ئێزیدی ڕفاند، کە ژمارەیان ٦ هەزار و ٤١٧ کەس بوون و زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم تا مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢٤، ٣ هەزار و ٥٧٦ کەس ڕزگارکراون، کە ١٢٠٨ژن و ٣٣٩ پیاو و ١٠٧٠ کچ و ٩٥٩ کوڕ بوون، ٢ هەزار ٦٩٣ کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: حکومەتی هاوکاری قوربانییان و ڕزگاربووانی کردووە، لەوانە کردنەوەی ٥٠ سەنتەری هۆشیاری و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی و دەروونی لەناو کەمپەکاندا، هەروەها دامەزراندنی ناوەندی "جینۆساید" لە پارێزگەی دهۆک، دامەزراندنی سەنتەرێک لە هەولێر بۆ چاککردنەوەی ژنانی ڕزگارکراو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری ئێزیدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و ڕێکخراوی ئەمریکی (CRI)، کە سەدان ڕزگاربوو لێی سوودمەند بوون، پێشکەش کردنی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی و یاسایی بۆ زیاتر لە هەزار و ٢٧٨ کەس لە سەنتەری ڕاوێژکاری لە دهۆک، لە ڕێگەی یەکەی چارەسەری دەروونی و کۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ستافی ڕاهێنراوەوە، هەروەها ناردنی زیاتر لە هەزار ئافرەتی ڕزگاربووی داعش بۆ ئەڵمانیا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری دەروونی.

دواتر زێباری تیشکی خستە سەر بە دۆکیومێنتکردنی بەڵگەنامەکانی داعش و گوتی: چوارچێوەی هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم، لیژنەی هەماهەنگیی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC)، لە مانگی حوزەیران تا مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣، زیاتر لە ١٦١ هەزار و ٢٠٩ لاپەڕە لە ٢ هەزار و ٢٢٥ دۆسیە لە دادگەی دووەمی تاوانەکانی هەولێر ئەرشیف کراون، لە دهۆک لە کۆی ٢ هەزار و ٥٨٧ فایل لە ١٢٤ هەزار و ٥٠٧ لاپەڕە ئەرشیف کراون، لە لایەکی دیکەوە، پرۆژەکە لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی سلێمانی دەستی پێ کردووە و لە کەرکوک - گەرمیان گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە تا کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ زیاتر لە ٥٠٠ هەزار لاپەڕە بەڵگەنامەی تاوانەکانی داعش دۆکیومێنت بکرێن، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.