Skip to the content

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەمدا ١٣٨ هەزار کرێکار دەستەبەر کراون و نزیکەی ١٠٠ هەزار هەلی کاریش ڕەخسێندراوە

لە ڕۆژی جیهانيی کرێکاراندا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە باشترکردنی ڕەوشی کرێکاران لە هەموو سێکتەرەکان داوه."

د. دیندار زێباری ئاماژەی بەوە کرد کە لەڕووی یاساییەوە، پرۆژەیاسای كاری تایبەت بە هەرێمی كوردستان هەموو قۆناغەکانی بڕیوە و بە مەبەستی پەسەندكردنی لە پەرلەمان ڕەوانەی سەرۆكایەتيی هەرێم كراوە. هەروەها پرۆژەیاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیيه‌وه‌ ڕەوانەی سەرۆكایەتيی ئەنجومەنی وەزیران كراوە دواتر ڕەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ دەرچوواندنی.

ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: لە پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، گرنگییەکی زۆر بە ڕەوشی کرێکاران و پاراستنی مافەکانیان دراوە و زۆر لە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێکراون، بەپێی دوایین ڕاپۆرتی بەراوردکاریى پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی، کە بەشێکە لە مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و كولتورییەكان، لە ساڵی ٢٠٢٢ بە ڕێژەی ٤٢٫٩٪ ڕاسپاردەکان پێشڤەچوونی بەخۆیەوە دیت و لە ساڵی ٢٠٢٣ بە ڕێژەی ١٤٫٣٪ جێبەجێ کراوە. بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی مافی كاركردن و بیمەی كۆمەڵایەتی لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکە بە ڕێژەی زیاتر لە ٥٧٪ کاری لەسەر کراوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ١٨ لیژنەی کارا هەن و ژماره‌ی پرۆژه‌ ده‌سته‌به‌ركراوه‌كان له‌ ١٦٥٠٠ بوو به‌ ٣٨٥٠٠ پرۆژە، لە هەمانکاتدا، ژماره‌ی كرێكاری ده‌سته‌به‌ركراو له‌ ١٧٠٠٠ و‌ بووه‌ به‌ ١٣٨٠٠٠ كرێكار. له‌ ماوەی ‌٣ ساڵدا داهاتی ساڵانه‌ی سندوقی خانه‌نشینی و ده‌سته‌به‌ری له‌ ٧٤ ملیار دیناره‌وه‌، بووه‌ به‌ ١٩٤ ملیار دینار، واتا چه‌ندین جار زیادی كردووه‌ و ژماره‌ی كرێكاری خانه‌نشینکراو له‌ ١٦٠ کرێکارەوە بووه‌تە ٤,١٨٩ كرێكار.

لە لایەکی دیکەوە بۆ داکۆکیکردن لە مافی کرێکاران و چارەسەری کێشەکانیان، ٧٧٧ کێشەی کرێکاران لە ڕێگه‌ی سەندیکای کرێکارانەوە چارەسەر کراون.

سەبارەت بە چاودێریکردنی ڕەوشی کرێکاران، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی “لیژنەکانی پشکنینی دەستەبەری کۆمەڵایەتی، کە هەر لیژنەیەک لە پشکنەرێک و نوێنەری ژووری بازرگانی و سەندیکای کرێکاران پێک دێت، سەردانی پرۆژەکان دەکەن بۆ بەدواداچوون و لە ماوەی ڕابردوودا ٢٢,٦٥١ سەردانیان هەبووە، و ژمارەی کرێکارانی دەستەبەرکراو گەیەندراوەتە ١٣,٨٩٢ کرێکار، لە ٢٧٣٥٠ پرۆژەدا، هەروەها لە کۆتایيی مانگی شوباتی ٢٠٢٤، لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ڕێنمایيی ژمارە ١١ــی ساڵی ٢٠٢٣ــی تایبەت بە تەندروستی و سەلامەتيی پیشەیی کە لە ١٢ ماددە پێک هاتووە، دەرچووە”.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی گوتی: لاوان لە خولەکانی مەشق و ڕاهێنانی پیشەیی لە ناوچە جیاجیاکانی کوردستان سوودمەند بوون، کە ژمارەیان لە ساڵی ٢٠٢٣ گەیشتووه‌تە ١٦٤ خول و ٢,٢٣٤ كەس لێیان سوودمەند بوون. بە گشتی لە سێ ساڵی ڕابردوودا ٤٤١ خول کراونەتەوە کە ٦,٢٣٧ كەس لێیان سووودمەند بوون.

سەبارەت بە هەوڵەکانی نەهێشتنی بێکاری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە ساڵی ٢٠١٩ تاكوو ٢٠٢٢، دەستەی وەبەرهێنان ٤٠٥ مۆڵەتی بە ٣٩٩ وەبەرهێنانی خۆماڵی داوه‌، ٣ بیانی، ٣ هاوبەش، هەروەها دەستەی کار زیاتر لە ٧٥،٠٠٠ هەلی کاری ڕەخساندووە. تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ١٤٥ مۆڵەتی وەبەرهێنان بە ١٤٥ پرۆژە دراوە لە سێکتەرە جیاجیاکان، دەستەی کار ٨,٥٠٠ هەلی کاری ڕەخساندووە، حکومەتی هەرێم مەرجی ئەوەشی داناوە کە پێویستە ٧٥٪ــی کرێکارانی پرۆژەکانی وەبەرهێنان خۆماڵی بن.

سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار لە کەرتەکانی ديكه‌، لە کابینەی نۆیەم، ناوبراو گوتی: لە کەرتی پەروەردە ١٦,٣٤٩ مامۆستا و فەرمانبەری دانەمەزراو هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوە. لە کەرتی کشتوکاڵ ٤,٢١٢ کارگەی پیشەسازی مۆڵەتیان وەرگرتووە و ١٣،١٩٩ هەلی کاریان ڕەخساندووە، ژمارەى کارمەند و کرێکار لە کارگەکانی سەر بە وەزارەت گەیشتە ٤٤,٢٠٣ کرێکار. هەروەها لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی لە ساڵی ٢٠٢٣، بە هۆی زیادبوونی کارگەکان ٤٩,٧٥٧ کەس هەلی کاریان بۆ ڕەخسێندراوه‌.