Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فيدراڵ كۆبووه‌وه‌

ڕۆژى دووشەممە ١٣ی ئایاری ٢٠٢٤، لە شاری بەغدا، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمى كوردستان، لەگەڵ عومەر بەرزنجی، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی فيدراڵ بۆ کاروباری یاسایی و فرەلایەن کۆبووه‌وە.

مەبەست لە کۆبوونەوەکە ئاڵوگۆڕی زانیاری، بیروڕا و نزیککردنەوەی هەڵوێستەکان و ڕاوێژکردن لە تەوەرە پەیوەندیدارەکان و گرنگيی بەشداريكردنى کارای نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەو کۆبوونەوانەی کە لە بواری مافی مرۆڤ، پەیماننامە و ڕێککه‌وتننامە نێودەوڵەتییەکان و خستنەڕووی دیدگای حکومەتی هەرێم بوو، لە کۆنفرانس و کۆنگرە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان.

لە دیدارەکەدا جەخت لە دانانی میکانیزمێکی هەماهەنگيی هاوبەش کرایەوە، بۆ ئەوەی کە دۆسییە پەیوەندیدارەکان ئاڵوگۆڕی زیاتریان پێ بکرێت و هەرێم ڕۆڵی کارا ببینێت لە چوارچێوەی کۆماری عێراق لە جێبەجێکردنی ئیلتیزاماتەکان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بە تایبەتی لەڕووی یەکخستنی هەڵوێستەکان و بەشداريی کاریگەر، لە چوارچێوەی میکانیزمەکانی سیاسەتی دەرەوەی عێراق.