Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پاڵپشتیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هێنانەدیی دادپەروەری بۆ قوربانییانی دەستی داعش لە ئێستادا گرنگە

ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لە بارەگای دادگای دادی نێودەوڵەتی لە لاهای، لە وڵاتی هۆڵەندا، کۆنفرانسی "ڕێگەی دادپەروەری: مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگەکان و لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش و ڕۆڵی هۆڵەندا"، بە بەشداریی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

لە کۆنفرانسەکەدا چەندین کەسایەتی و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بەشدار بوون، لەوانە کاسپەر ڤێلد کامپ، وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، ژمارەیەک سیاسەتمەداری هۆڵەندا، نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، ئەندامانی داواکاری گشتیی ئەوروپا، پسپۆڕانی بواری هاوکاریی مافی مرۆڤ و هاوکاریی مرۆیی و یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، نوێنەرانی حکومەتی فیدڕالی و ژمارەیەک لە ڕزگاربووە ئێزدییەکان.

د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، بە نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێم، گوتارێکی پێشکەش کرد. لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: ئەم کۆنفرانسە هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی بابەتێکی چارەنووسساز، ئەویش داهاتووی کۆمەڵگەی ئێزیدی و گەڕانە بەدوای ستراتیژییەکان، بۆ هێنانەدیی دادپەروەری، و پشتیوانی بۆ ڕزگاربووان، ئامانجەکانی کۆنفرانسەکە زۆر گرنگن، چونکە ئێمە پێکەوە کاردەکەین، بۆ دڵنیابوون لەوەی دەنگی ڕزگاربووان دەبیسترێت و پێداویستییەکانیان دابین دەکرێن. جێگەی خۆشحاڵییە تا ئێستا چەندین وڵات ڕەفتارە دوور لە مرۆڤایەتییەکانی داعشیان بە جینۆساید ناساندووە، لەوانە هۆڵەندا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئەمەریکا، کەنەدا، یەکێتیی ئەوروپا، فەرەنسا، بەلجیکا و ئەرمینیا.

سەبارەت بە هەماهەنگیی حکومەتی هەرێم لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر کەیسی تیرۆریستانی داعش، گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) هەماهەنگیمان لەگەڵیان هەبووە، لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بە دیکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش، بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژیی پێشکەوتوو، تاکوو لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستان سوودیان لێ ببینرێت، لەم ڕووەوە توانراوە (٢٤٫٩٦٥) فایل و (٤٠٨٫٥٤٠) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن.
یونیتاد ئەو دڕندەییانەی لە دژی کۆمەڵگەی ئێزیدی ئەنجام دراون، بە جینۆساید ناوی بردوون. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمە بە هەنگاوێکی گرنگ سەیر دەکات، بۆ داننان بەو تاوانانەی کە بەرانبەر ئێزیدی و پێکهاتەکانی دیکە ئەنجام دراون.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە ٢ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستاش (٧٣٠٫٩٣٠) کەسیان لە هەرێم نیشتەجێن، لەو ڕێژەیەش نزیکەی (١٥٧٫٠٠٠) کەس لە خوشک و برا ئێزدییەکانن. بەشێکی زۆریان بەپێی ئەو بەرنامە و ئاسانکارییەی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوە مرۆییەکانەوە دانراون، گەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان. حکومەتی هەرێم کار دەکات بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە و بە ڕێزگرتن لە مافەکانیان و دادپەروەریی ڕاگوزەر و هاتنەدیی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بە کەرامەتەوە بگەڕێنەوە.

دیندار زێباری هەروەها گوتی: لە ڕووی یاساییەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەشنووسی پرۆژەیاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەندی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان ئامادە کرد. هەرچەندە ڕەشنووسی پرۆژەیاساکە لە لایەن وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش پشتیوانی لێ کرا و خوێندنەوەی یەکەمی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ کرا، بەڵام دواتر لەلایەن دادگای فیدراڵیەوە ڕەت کرایەوە. پرۆژەیاساکە گرنگ بوو، چونکە بڕگەیەکی پێشنیار کرابوو بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش، لەسەر تاوانەکانی وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ. لە ئێستادا حکومەتی هەرێم بەپێی یاسای دژەتیرۆر ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦، مامەڵە لەگەڵ کەیسەکانی تیرۆر دەکات و بەپێی ئاماری ئەنجومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان (١٢٤٦)، دۆسیەی تیرۆری لە هەرێمی کوردستان دادگایی کردووە، لەوانە (١٢٢٥) پیاو و (٢١) ئافرەت بوون.

سەبارەت بە ڕزگارکردنی ڕفێندراوان گوتی: ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەیان، لەپێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا (٣٫٥٧٩) کەس ڕزگار کراون، بەڵام هێشتا (٢٫٥٩٦) بێسەروشوێنن، هەروەها پاڵپشتیی دەروونیی کۆمەڵایەتیی ڕزگاربووان کراوە و لە سەنتەری چارەسەری دەروونیی دهۆک سەرجەمیان تۆمار کراون، هەروەها زیاتر لە (١٫٢٠٠) ڕزگاربوو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراون بۆ وڵاتی ئەڵمانیا بە مەبەستی چارەسەری دەروونی، و زیاتر لە (٣٫٥٠٠) لە ڕزگاربووان بە بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم، مانگانە هاوکاری دەکرێن.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە کرد کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانیی بەرچاوى داوە بۆ شکستپێهێنانی داعش و ڕزگارکردنەوەی ناوچەکان، کە گەیشتە (١٫٨١٤) شەهید و (١٠٫٧٢٥) بریندار، (٤٤) پێشمەرگەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

لە کۆتاییی گوتارەکەیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: پابەندبوونمان بە پاراستنی ئێزیدییەکان و گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان نەگۆڕ و بەردەوامە و بە ئەرکی خۆمانی دەزانین. سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە، لێرەدا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پاڵپشتیی حکومەتی هەرێم بن، بۆ دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو، بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان، کە ئەمەش وەک ڕێزێک دەبێت بۆ خۆڕاگریی ئێزیدییەکان و گشت قوربانییانی دەستی داعش و بەها هاوبەشەکانمان لە دادپەروەری و کەرامەتی مرۆڤایەتی.