Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە کونسولی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر كرد

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٢ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازى لە ستیڤ بیتنەر، کونسولی گشتيی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و شاندی یاوەری كرد.
له‌ دانيشتنه‌كه‌دا، پلانه‌كانى حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕاپۆرتەكانى ساڵانەى وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا و گرنگی هەماهەنگيی بەردەوامى حكومه‌تى هه‌رێم لەگەڵ کونسولخانەی گشتيی ئەمه‌ریکا لە هەولێر و ڕێگه‌کانی زیاتر بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، گفتوگۆيان له‌باره‌وه‌ كرا.
ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى گفتوگۆكان، کۆتایيهاتنی ئەرکەکانی یونیتاد و بەڵگەنامەکانی تاوانەکانی داعش بوو. ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان نيازى حكومه‌تى هه‌رێمى بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و شکۆمەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بە سەلامەتی، به‌ شاندى كونسولخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا ڕاگه‌ياند. هەروەها تیشک خرايه‌ سه‌ر بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ کۆنتڕۆڵکردنى به‌كارهێنانى مادده‌ى هۆشبه‌ر.
له‌ ميانه‌ى گفتوگۆكاندا، کونسولی گشتيی ئه‌مه‌ريكا، ستایشی ئەو پێشکەوتنانەی کرد کە لە هەرێمی کوردستان بەدی دەکرێن و گوتى : سەرەڕای ئەو ئاستەنگە زۆر و بەردەوامانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم بوونه‌تەوە، بەرەوپێشچوونی بەرچاو بەدەست هاتوون.
له‌ كۆتاييى دانيشتنه‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ پێشخستنی پەیوەندی و هه‌ماهه‌نگييه‌كان كردووه‌، بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و سەقامگیريی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق و ناوچەکە.