ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: گرنگە پەلە بکرێت لە دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانییەکان
ڕۆژى سێشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی ئێزدی، لە دبلنی پایتەختی كۆماری ئێرلەندا، كۆبوونەوەیەكی تایبەت بهڕێوه چوو، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان، بە بانگهێشتی فەرميی وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئێرلەندا بەشدار بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا کە نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئێرلەندا، حکومەتی فيدراڵ، ڕێکخراوی یەزدا، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ (IOM) و ژمارەیەک کەسایەتيی ئەکادیمی و چالاکوانی مافەکانی مرۆڤ، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشدار بوون، د. دیندار زێباری، ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتارێکی پێشکەش کرد و لە دەستپێکدا گوتی: ئەمڕۆ کە یادی دهيهمين ساڵەی یەکێک لە دڕندەترین تاوانی جینۆساید دەکەینەوە، کە بەسەر خوشک و برایانی ئێزیدیدا هات، کە ده ساڵى پڕ لە نەهامەتى و خۆڕاگری بوو بۆیان. بە گرنگى دەزانین باس لە هەوڵ و هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەین بۆ بەدیهێنانى دادپەروەری و پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و قەرەبووکردنەوەی قوربانيیانی ئەم تاوانە نێودەوڵەتییانە، لە ئهنجامی ئەم هەوڵانە، زیاتر لە ١٠ وڵات دانیان بهوه ناوه کە ئەوەی دژی ئێزیدییەکان کراوە بە هەموو پێوەرێک جینۆساید و تاوانی نێودەوڵەتییە.
سەبارەت بە دۆزینەوەی چوارچێوەیەکی یاسایيی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش گوتی: حکومەتی هەرێم لهم ڕووهوه ههنگاو زۆرى ناون، لەوانە پێکهێنانی لیژنەی باڵای وەزاری بۆ بە جینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش لە تشرینی دووەمی ٢٠٢٠، بە ئامانجی دادگاییکردنێکى دادپەروەرانەى تاوانباران، ئامادەکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیاسای دامەزراندنی دادگایەکی تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان، بە هاوکاريی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان، کە چەندین بڕگەى تایبەتى بە دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەسەر تاوانەکانی وەک جینۆساید، تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگى لەخۆ گرتبوو، بەڵام دادگهی فیدڕاڵی ڕەتی کردەوە. بۆیە حکومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠٠٦، دادگایيى تاوانبارانى داعش دەکات و کەیسەکان یەکلایی دەکاتەوە، بەپێی ڕاپۆرتی ئەنجومەنی دادوەريی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی ٢٠٢١ تا ٢٠٢٣ کۆی گشتی (٤٩٦) تاوانبارى داعش دادگایی کراون و لە ١ی كانوونى دووهمى ٢٠٢٤ تا ٣١ى ئازاری ٢٠٢٤، لە هەرێم (١٢٣) تاوانباری دیکە دادگایی کراون.
ڕێكخهرى ڕاسپارده نێودهوڵهتييهكان زياتر گوتی: دوای دامەزراندنی تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد)، هەماهەنگیمان لەگەڵیان بەردەوام بووە، ئەمەش ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان و تیرۆریستان و ئەنجامدانی پرۆژەی بە دیکیۆمێنتکردن و ئەرشیفکردنی تاوانەکانی داعش، بە سیستەمێکی تەکنۆلۆژيی پێشکەوتوو، بۆ ئەوەی لە پرۆسەی دادگاییکردنی تیرۆریستان، سوودیان لێ ببینرێت، لەم ڕووەوە توانراوە (٢٤,٩٦٥) فایل و (٤٠٨,٥٤٠) لاپەڕە دیکیۆمێنت بکرێن، تیمى یونیتاد ڕۆڵی هەبووە لە پێشکەشکردنی هاوکاريی دەروونی و کۆمەڵایەتی، بنیاتنانی تواناکانى پزیشکانی تەندروستيی دەروونی، کە ئەمەش ڕۆلێکى بنەڕەتى دەگێڕێت لە چارەسەرکردن و دابینکردنى پێداویستییە ئاڵۆزەکان، بۆ ڕزگاربووانی ئێزیدییەکان و پشتگیریکردنی چاکبوونەوەیان. یونیتاد لە چەندین ڕاپۆرتی تایبەتى خۆیدا کە ئاراستەى ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانى کردووە، ئەو تاوانانەى دژی ئێزیدییەکان ئەنجام دراون، بە جینۆساید ناوی بردوون.
ههروهها ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان گوتى: بەپێی بڕیارنامەى (٢٦٩٧)ی ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى، لە ڕێکەوتى ١٧ ئەیلوولى ٢٠٢٤، کۆتایى بە کارەکانى تیمى یونیتاد دێت، بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئاماژەپێکراو، هەماهەنگیمان لەگەڵ یونیتاد بەردەوامە، بۆ ئەم مەبەستەش ڕۆژی ١١ی تەمموز بڕی (٤٥.٩٥) گیگابایت زانیاری و ڕۆژی ٢٥ی ئابی ٢٠٢٤ بڕی (١١.٩) گیگابایت زانیاری و لیكۆڵینەوەی تایبەت بە ڕێكارە یاساییەكان بۆ دادگاییكردنی تیرۆریستان، ڕادەستی حكومەتی هەرێمی کراون. هەروەها گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانى داعش، هەرێمی کوردستان میوانداری زیاتر لە ٢ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی ناوخۆیی کرد. تا ئێستاش (٧٣٠,٩٣٠)یان لە هەرێم نیشتەجێن، کە بەشی هەرە زۆریان خوشک و برا ئێزدییەکانن. ڕزگارکردن و دووبارە شیاندنەوەى ڕزگاربووانی ئێزیدییەکان، لەپێشینەى کارەکانى حکومەتى هەرێمە. تا ئێستا (٣,٥٧٩) کەس ڕزگار کراون و مانگانە حکومەتی هەرێم هاوکارییان دەکات و (٢,٥٧٩) کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن. لەلایەکی دیکەوە ديندار زێبارى باسى له قوربانييهكانى هێزی پێشمەرگەی کوردستان كردوو گوتى: هێزى پێشمهرگهى كوردستان، بۆ شكستپێهێنانى داعش و ڕزگاركردنهوهى ئهو ناوچانهى كه دهستى بهسهردا گرتوون، قوربانى زۆرى داوە، کە دهگاته (١,٨١٤) شەهید، (١٠,٧٢٥) بریندار و (٤٤) پێشمەرگەش تا ئێستا بێسەروشوێنن.
لە کۆتایيدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: داوا دەکەین پەلە بکرێت لە دانانی میکانیزمێکی یەکگرتوو، بۆ لێپێچینەوە لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان و دەستەبەرکردنی دادپەروەری بۆ قوربانیيان لە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان بەبێ جیاوازی، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی کۆکردنەوەی بەڵگە و لێکۆڵینەوەکان و دادگاییکردنی دادپەروەرانەی تاوانبارانی داعش و قەرەبووکردنەوەی قوربانیيانی تیرۆر و کەسوکاریان بهردهوام دهبێت.