ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر ڕەوشی مافی مرۆڤ تاووتوێ دەکەن

ڕۆژی يهكشهممه ١٣ی نیسانی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە ڕادوو بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەولێر كرد.
لە دیدارێکدا باس لە گرنگيی هەماهەنگيی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا كرا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بوارەکانی پێشخستنی کارامەییەکان وزیادکردنی هۆشیاری بۆ زیاتر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێم.
لە هەمان کاتدا تیشک خرایە سەر گرنگی پاراستنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، سەرەڕای ئالنگاری و پێشهاتە ناوچەییەکان کە نموونەیەکی خۆڕاگری و بەرەوپێشچوونە، بە تایبەتی لە بابەتی پاراستنی مافی پێکهاتەکان، ڕۆژنامەنووسان، ئازاديی ئایینی و ڕادەربڕین، کە بووهتە هۆی ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ پێکەوەژیان لە هەرێمى كوردستان.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکە زێباری ئاماژەی بە گرنگی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لەپێشینەی کارەکانی حکومەت بووە وەک هەوڵەکانی هۆشیاريی خێزانی و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی، زیادکردنی ڕۆڵی ئافرەت لە دامودەزگهکانی حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکە بەرپرسی نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا ئەوەی خستەڕوو کە ئەزموونی هەرێمی کوردستان جێی پێزانین و دەستخۆشیيە و نووسینگەی یەکێتیی ئەوروپا لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردن لە هەوڵەکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی هەرێمی کوردستان. لەم ڕووەوە ڕایگەیاند کە لە داهاتوودا چالاکی و هەماهەنگییەکانیان زیاتر دەبێت.