ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی یۆنامی و وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە كرد

ڕۆژى سێشهممه ١٥ی نسانی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە شاندێکی هاوبەشی وەزارەتی كاروبارى پێشمەرگە و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاريی عێراق (یۆنامی) كرد.
ئامانجی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو سەبارەت بە چوارچێوە یاساییە نێودەوڵەتییەکان، کە بریتین لە یاسای مرۆیيی نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتيی مافی مرۆڤ، کارنامەی ئاشتی و ئاسایش بۆ ئافرەتان (بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان)، پابەندبوونە نیشتیمانییەکانی حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بنەما و یاسا نێودەوڵەتییەکانی پەیوەست بەم بابەتە.
بۆ ئەم مەبەستە نووسینگەی مافی مرۆڤی یونامی لە هەولێر، لە ڕێگهی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان یاداشتێکیان پێشکەش بە وەزارەتی پێشمەرگە کرد، بە ئامانجی ڕێکخستنی کۆنفرانسێک و چەندین خولی مەشق، بۆ بەرزکردنەوەی توانای پێشمەرگەی ئافرەت بۆ تێگەیشتن و برەودان بە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە کاتی بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
ديندار زێبارى گوتی: ئەم کۆبوونەوەيه بەشێکە لە هەوڵەکانی بەهێزترکردنی توانای خانمە ئەفسەرانی پێشمەرگە، بۆ تيگەیشتن و جێبەجێکردنی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، لەگەڵ گرنگیدان بە ڕێگریکردن و وەڵامدانەوەی توندوتیژيی جنسيی پەیوەست بە ململانێکان و برەودان بە بەرنامەیەکی تۆکمە، لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی دووپات کردەوە ئەم دەستپێشخەرییە دوای ڕێکخستنی دوو مێزگرد دێت لە ساڵی ڕابردوو، لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لە بەشی دووەم، لقی حەوتەم کە تایبەتە بە بابەتی توندوتیژيی ڕەگەزی، ڕزگاربووانی داعش و ڕێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتيی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکە ئامادەبووان بە گرنگیان زانی لەم چوارچێوەیەدا دیدارێک ڕێکبخرێت بە بەشداريی لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەتی هەرێم و دیپلۆمات و لایەنی ديكهى نێودەوڵەتی، بۆ خستنەڕووی دیدگه و هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لە بابەتی گرنگیدان بە بەشداريی ئافرەتان لەنێو دەزگه و هێزە ئەمنییەکان. هەروەها پاراستنی ئافرەتان و منداڵان لە توندوتیژيی ڕهگهزى، لە کاتی ململانێکان.