Skip to the content

ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و باڵيۆزى هيندستان كۆبوونه‌وه‌ و باسيان له‌ دامه‌زراندنى ده‌سته‌يه‌كى بازرگانيى نوێ كرد

ڕۆژى سێشەممە، ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، سومن باگچی، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق، سەردانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد و لەگەڵ دیندار زێباری، بەرپرسی نوسینگەکە کۆبووه‌وە و گفتوگۆ لەبارەی پێشکەوتنەکانی حکومەتی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکاندا، بە تایبەت مافەکانی مرۆڤ، حوکمڕانی و پێشکەوتنی تەکنەلۆجی كرا.
دیندار زێباری تیشکی خستە سەر ئەو هەنگاوە بەرچاوانەی کە حکومەتی هەرێم لە باشترکردنی پێکهاتەکانی حوکمڕانی و مافی مرۆڤەوە بەدەستى هێناوە و ئەو هەوڵانەش بەرز نرخێندران لەلایەن باڵیۆزی هیندستانەوە لە عێراق.
یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە گرنگی حکومڕانيی دیجیتاڵی بوو لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەردوولا جەختیان لەوە کردەوە کە به‌دیجیتاڵکردنی حکومڕانی، ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی گەندەڵی و زیادکردنی شەفافیەت لە کارگێڕيی گشتیدا، باڵیۆزی هیندستان ئامادەیيی وڵاتەکەی بۆ یارمەتیدانی حکومەتی هەرێم بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی دیجیتاڵی و هەوڵەکانی بنیادنانی تواناكان بۆ پێشخستنی حوکمڕانيی کاریگەر نيشان دا و گوتی: ئێمە پێمان وایە دیجیتاڵکردن ئامرازێکی سەرەکییە بۆ حوکمڕانيی باش، هیندستان پێشکەوتنی بەرچاوی لەم بوارەدا بەدەست هێناوە و خۆشحاڵین بە هاوبەشکردنی ئەزموونەکانمان و پێشکەشکردنی شارەزاییەکانمان بۆ پشتگیریکردن لە دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێم.
هه‌روه‌ها باڵیۆزی هیندستان ئاماژەی بەوە دا کە جێگه‌ی دڵخۆشییە دەستەیەکی بازرگانيی نوێ لە نێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و هیندستان دادەمەزرێنرێت و دەبێتە سەکۆیەک بۆ ئاسانکاريی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان.