ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: بەپێی پلانی حکومەتی هەرێم جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە

ڕۆژى سێشهممه 22ی نیسانى 2025، 127 ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم ڕۆژنامەی کوردی تێدەپەڕێت، کاتێک لە ساڵی 1898 یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی ڕۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میقداد مەدحەت بەدرخان، لە قاهیرەی پایتەختی میسر بڵاوکرایەوە.
لەم بارەیەوە، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان، کاری ڕۆژنامەگەری بە یاسای ژمارە (35ی ساڵی 2007) ڕێک خراوە، کە تێیدا ئەرک و مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگهکانی ڕاگەیاندن دیاری کراوە.
سەبارەت بە کارکردنی دەزگهکانی ڕاگەیاندن بەشێوەیەکی یاسایی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە ساڵانی ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان چەندین دەزگهی میدیایيی بینراو، بیستراو و خوێندراو مۆڵەتیان پێ دراوە، بەمشێوەیە: (121) ماڵپەڕی هەواڵی، (138) ڕادیۆ، (263) ڕۆژنامە، (725) گۆڤار، (31) کەناڵی ئاسمانی و (176) کەناڵی ناوخۆیی.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانى کوردستان ژمارەی ئەندامانی سەندیکا زیاترە لە (٨٠٠٠) ڕۆژنامەنووسه.
سەبارەت بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەم پرسە، ديندار زێبارى تیشکی خستە سەر گرنگیدان بە کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێم و ئاماژەی بەوە کرد: دوای پەسەندکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا، (11) ڕاسپاردەی تایبەت بە کاری ڕۆژنامەنووسی کەوتنە بوارى جێبەجێکردنەوە، کە لەلایەن ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی دیکەوە ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرابوون. ڕێکاری تایبەتیش گیراوەتە بەر سەبارەت بە میکانیزمی لێپێچینەوە، پێدانی زانیاری، خێراکردنی پرۆسەی یەکلاییکردنەوەی دۆسییەکانی کاری ڕۆژنامەگەری و جێبەجێکردنی یاسای ڕۆژنامەگەری.
بەم پێیەش جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی بواری ئازادیی ڕۆژنامەگەری لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا بە ڕێژەی زیاتر لە (70%) زیادی کردووە و ڕاگەیەندراوەکانی ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی ڕۆژنامەنووسی گەواهیدەری ئەم پێشکەوتنەن. ئەمەش نیشانەی پەرەپێدانی ئازادیی کاری ڕۆژنامەنووسی و پاراستنی مافەکانی ڕۆژنامەنووسان و گرنگیدانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمە بەم پرسە.