ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و شاندێکی UNOCT بەرزکردنهوهى تواناکان لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر تاووتوێ دەکەن

ڕۆژى یەکشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە شاندێکی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNOCT) کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە نوێنەرانی ئەنجومەنی دادوەری، سەرۆکایەتيی داواکاری گشتی، بەڕێوەبەرایەتيی گشتيی دژەتیرۆر،ئەنجومەنی ئاسایش و وەزارەتی داد ئامادەى بوون، گفتوگۆ لەبارەی هەماهەنگی و هاوکاری نێوان دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان کرا.
زێباری ڕایگەیاند: مەبەستی سەرەکيی کۆبوونەوەکە تاووتوێکردنی ڕەشنووسی پرۆژەیەکە، کە لەلایەن نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ئامادە کراوە. ئەم پرۆژەیە ئامانجی هاریکاريی تەکنیکییە بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی هەرێم، لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە مەبەستی پابەندبوونی زیاتر بە بنەماکانی مافی مرۆڤ.
ديندار زێباری ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجی سەرەکيی پرۆژەکە بریتییە لە: پشتگیریکردنی جێبەجێکردنی دادپەروەريی تاوانکاری و بەهێزکردنی تواناکانی دامەزراوەکان. پابەندبوون بە بنەماکانی مافی مرۆڤ لە لێکۆڵینەوەکانی دۆسيەکانی تیرۆر، بە تایبەتی بۆ دادوەران، داواکارانی گشتی، لێکۆڵەرانی دادوەری و هێزە ئەمنییەکان. ههروهها پشتگیریکردنی کارمەندانی دامەزراوەکانی چاکسازی بۆ پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و هاندانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ دەستنیشانکردنی ئاستەنگەکان، کە ڕێگری لە جێبەجێکردنی بنەماکانی نێودەوڵەتیی مافی مرۆڤ دەکەن.
لە لایەکی دیکەوە زیشان ئەمین، بەڕێوەبەری نووسینگەی UNOCT، جەختی لەوە کردەوە کە پرۆژەکە بە پشتبەستن بە پێداچوونەوەی ساڵانەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) ئامادە کراوە. ئەمه يارمهتيى حکومەتی هەرێم دەدات بۆ پەرەپێدانی تێگەیشتن، لێهاتوویی و ڕێکارە یاساییەکان بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ لە کاتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر.
بڕیاريشە ئەم پرۆژەیە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە دەست پێ بکات و تا کۆتایيی ساڵی ٢٠٢٧ بەردەوام بێت.