Skip to the content

کونسولی گشتيی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر سەردانی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد

ڕۆژى سێشەممە ٨ی نیسانی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازى له‌ تۆماسۆ سانسۆنێ، کونسولی گشتيی نوێی ئیتاڵیا لە هەولێر کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پێشکەوتنە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا لە بوارەکانی مافی مرۆڤ و پابەندبوونی بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان. هه‌روه‌ها تیشک خرایە سەر ئەو ڕێوشوێنانەی بە مەبەستی زیادکردنی ئازاديی ڕادەربڕین، یەکسانی و دادپەروەری گیراونەتەبەر.
هەماهەنگيی زیاتری نێوان ئیتاڵیا و حکومەتی هەرێم بەشێکی دیکەى تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە بوو، بە تایبەتی لە چوارچێوەی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی کە هەن و ئەو بوارانەی پشتیوانيی زیاتری نێودەوڵەتی پێویستە، چونکە سەرەڕای ئەو پێشکەوتنە بەرچاوانەی بەدەست هێنراون، بەڵام چەندین بوار ماونەتەوە کە پێويستیان بە بەشداری و شارەزایی و ئەزموونی نێودەوڵەتی هەيه‌.
کونسولی گشتيی ئيتاڵيا پشتگيريى وڵاته‌كه‌ى بۆ دەستپێشخەرییەکانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ دەربڕی و دڵنیایی دا کە ئیتاڵیا پابەندە بە کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ناوچەکە، بۆ چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکان. جەختی لە گرنگی هاوبەشی نێودەوڵەتی لە بەهێزکردنی هەوڵەکان بۆ بەرزڕاگرتنی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کردەوە.