ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: پێویستە حکومەتی فیدڕال زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە

ڕۆژی ٣٠ی ئابی هەموو ساڵێک، بە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ ناسێندراوە، کە بە یەکێک لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ دادەنرێت.
لە مێژووی هاوچەرخیشدا کوردستان یەکێک بووە لە قوربانییەکانی ئەم تاوانە بە چەندان شێوازی جیا و لە پرۆسە بەدناوەکەی ئەنفالیشدا گەیشتە لووتکە.
بەم بۆنەوە د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: كوردستان به گشت پێكهاته ئایینی و نهتهوهییهكانییهوه گهورهترین قوربانیی تاوانی بێسهروشوێنكردنی زۆرهملێ بووە، ئهمهش خۆی دەبینێتەوە لە بێسهروشوێنكردنی كورده فهیلییهكان لهنێوان ساڵانی ١٩٨٠-١٩٩٠ و (١٨٢٫٠٠٠) كورد، هەروەها لە دوای هێرشی تیرۆریستانی داعش، به ههزاران هاووڵاتیی كوردی ئێزدی و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان بێسهروشوێن كران، کە تا ئێستاش چارەنووسی زۆریان دیار نییە.
زێباری ئەوەشی ڕاگەیاند: لە ڕزگارکردنی ناوچە ئێزدییەکان، بەتایبەتی شارۆچکەی شنگال، هێزی پێشمەرگەی کوردستان قوربانیى بەرچاوى داوە بۆ شکستپێهێنانی داعش، کە گەیشتە هەزار و ٨١٤ شەهید و (١٠٫٧٢٥) بریندار و ٤٤ پێشمەرگەش بێسەروشوێنن.
دواتر تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی ڕزگار کردنی ئێزیدییە ڕفێندراوەکان و گوتی: لەدوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش (٦٫٤١٧) هاووڵاتیی سڤیلی ئێزیدی ڕفێندران، بۆیە یەکێک لە کارە پێشینەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە ڕزگارکردنی ڕفێندراوان، بۆ ئەم مەبەستەش تا ئێستا تواندراوە (٣٫٥٩٠) کەسیان ڕزگار بکرێن و تا ئێستا (٢٫٨٢٧)یان بێسەروشوێنن.
ئەوەشی ڕاگەیاند: بە مەبەستی بەدۆکیومێنتکردنی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش دژی ئێزدییەکان و پێکهاتەکانی دیکە و ڕزگارکردنی کچانی ئێزدی، حکومەتی هەرێم دۆسیەی هەزاران ڕفێندراوی تۆمار کردووە. ژمارەی داواکان تا ڕێکەوتی ١/٦/٢٠٢٥ بەم شێوەیە بوو: تۆمارکردنی(٢٩٩١) داوا و (٣٢٩٠) سکاڵا، (٣٠٩٠) قوربانی وەک بێسەروشوێنبوو لە دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەکان، هەروەها ئەو قوربانییانەی کە پشتیوانیی دەروونی و کۆمەڵایەتییان وەرگرتووە ژمارەیان گەیشتە (٢٫٨٤٨) کەس.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: دیاره تا ئێستا ئهو تاوانانهی دژی خەڵکی كوردستان ئهنجام دراون، وهكوو پێویست دیکیۆمێنت نهكراون لهلایهن ئۆرگانە نێودەوڵەتییەکان، بۆ ئهوهی مافی كهسوكاری قوربانییان پارێزراو بێت، لە هەمان کاتیشدا میکانیزمی دەوڵەتی عێراق بۆ سوودوەرگرتن لە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان لەم بارەوە کارا نییە.
لە کۆتاییی لێدوانەکەیدا زێباری گوتی: حکومەتی هەرێمی كوردستان پابەندبوونی خۆی بە خزمەتکردنی زیاتری کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی ئەنفالکراوان و شەهیدانی کوردستان دووپات دەکاتەوە، بەڵام پێویستە حکومەتی فیدڕاڵ، بە هەستکردن بە ئەرک و لێپرسراویەتیی یاسایی و دەستووری و ئەخلاقیی خۆیەوە، کەسوکار و بنەماڵە و زیانلێکەوتووانی جێنۆسایدی ئەنفال و قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس قەرەبوو بکاتەوە.