Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: جەخت لە پاپەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە لە پێشخستنی هەماهەنگیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر

ڕۆژی دووشەممە ٤ی ئابی ٢٠٢٥، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە شاندێکی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر کرد، کە پێکهاتبوو لە بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا، زیشان ئەمین، بەڕێوەبەری ڕێکخستنی پرۆگرام ئەخنس ڤێنێما و بەرپرسی بەڕێوەبردنی پڕۆگرام مستەفا موحسین.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی کردە سەر پابەندبوونی بەردەوامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو ڕۆڵە گرنگەی پێی هەڵدەستێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، لەهەمان کاتدا ئاماژەی بە هەماهەنگیی بەردەوام لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد لە بوارە گرنگەکانی تری وەک؛ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی پێشمەرگە و ئەو ئەرکە گرنگەی لە ئەستۆیانە لەپێناو پاراستنی نیشتمان و بووژانەوەی دوای ململانێکان.

زێباری جەختی کردە سەر گرتنەبەری هەنگاوی گرنگ بۆ هەموو ئەو بوارانەی پێویستیان بە چاکسازی هەیە، بە تایبەتی دانان و پەرەپێدانی میکانیزمێکی گونجاو بۆ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان و چارەسەرکردنی ئەو بۆشایی و کەموکوڕییانەی لەو ناوچانە هەن کە ئاوارەکان دەگەڕێنەوە بۆیان.

هەردوولا باسیان لە پێشخستنی هەماهەنگی لە بوارەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو یارمەتییە داراییانەی پێشکەش بە لایەنە تیرۆرستەکان دەکرێن، کرد.

زێباری ئامادەییی نووسینگەی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی دووپات کردەوە بۆ ئاسانکاریی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر (UNOCT) و دامەزراوە نیشتمانییەکانی تایبەت بە ئاسایش.