Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدا

ڕۆژی چوارشەممە، 6ی ئابی 2025، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک ڕێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنیی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ئەنجامدا.
‎کۆبوونەوەکە بە ئامانجی پتەوکردنی میکانیزمەکانی هاوکاری بۆ جێبەجێکردنی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕێکخرابوو.
‎هەروەها، بۆ تیشک خستنە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) و دانانی بەرنامە و پلانی کاری داهاتوو، تێیدا ڕۆڵی گرنگی ڕێکخراوەکان دووپاتکرایەوە لە چاودێریکردنەوە بۆپشتیوانیکردنی لە جێبەجێکردنی پلانەکە.

‎لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، د. دیندار زیباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ڕایگەیاند: لە ڕوانگەی باوەڕێکی پتەو و لەسەر بنەمای پابەندییەکی نەگۆڕەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان تێڕوانینێکی بنەڕەتی بۆ مافەکانی مرۆڤ هەیە بۆ ئەم مەبەستەش نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان "پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥)"ی ئامادە کرد بە بەشداری لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم لە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری، ڕێکخراو و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی.

‎ئەم پلانە پەیامێکی ڕوون و نەخشەڕێگایەکی کردارییە. ئامانجی سەرەکیی گۆڕینی بەها بەرزەکان و ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانە بۆ سیاسەتی کرداری کاریگەر، و هەنگاوی بەردەوام.

‎باسی لەوەش کرد، کە پەسەند کردن و جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) بەدی نەدەهات ئەگەر پاڵپشتی و پشتگیری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و فەراهەم کردنی ژینگەیەکی بەشداریپێکردنی فراوان و سیستەمێکی تەواوکاریی تۆکمە بوونی نەبووایە. لەسەر ئاستی ناوخۆ هەموو وەزارەت، دەستە و دامەزراوە حکوومییەکان لە هەماهەنگییەکی بەهێز و بەردەوامدان لەگەڵ نووسینگەی ڕێکخەردا لە ڕێگای ئەو تۆڕی پەیوەندییەی کە پێکهێنراوە بۆ ئەم مەبەستە لە قۆناغەکانی ئامادە کردن بەشدار بوون و پلانەکەیان بە دوایین داتا و زانیاری دەوڵەمەندتر کردووە.

‎ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان زیاتر وتی: لە سەرەتای دەستپێکردنی جێبەجێکردنی پلانەکەوە، هەنگاوی بەرچاو لە کەرتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریدا نراوە، لەم ڕووەوە ڕاپۆرتەکانی جێبەجێکردنی پلانەکە کە لەلایەن نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوەڵەتییەکانەوە دەرچوون دەریدەخەن کە ڕێژەی جێبەجێکردن لە ساڵی ٢٠٢٢دا (34.8%) بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەرزبووەتەوە بۆ (42.8%)، ئەمەش نیشانەی گرنگیدانی حکومەتە بە جێبەجێکردنی پابەندبوونە نێودەوڵەتییەکان.

‎سەبارەت بە ڕۆڵی ڕێکخراوەکان و بەشداری کردنیان لە پلانەکە وتی: ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نێودەوڵەتی و ناوخۆیی، وەک هاوبەشێکی چاودێر و پشتیوان ڕۆڵیان بینیوە و بە شێوەیەکی کاریگەر بەشدارییان لە دەوڵەمەندکردنی و پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانەکەدا کردووە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی، پەرەپێدانی توانا مرۆییەکان لە ڕێی کۆنفرانس وۆرکشۆپی تایبەتمەند، و ئاگاداربوونی بەردەوام لە پێشکەوتنەکان، بۆیە دەمانەوێت ئەم پەیوەندییە قووڵتر بکەینەوە و ئەو هاوکارییەی ڕێکخراوەکان پەرە پێ بدەین لە گشت بوارەکانی نێو پلانەکە.

‎لەلایەن خۆیانەوە نوێنەرانی ڕێکخراوەکان پێشوازییان لەم دیدە نوێیەی حکومەت کرد و ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکارییەکی سیستەماتیک و بەردەوام نیشان دا. ئەوان جەختیان کردەوە کە کردنەوەی دەرگای زیاتری دامەزراوە حکومییەکان بە ڕووی شارەزایی و تێبینییەکانیاندا، یارمەتیدەر دەبێت لە چارەسەرکردنی کێشەکان لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا و ڕێگری لە کەڵەکەبوونیان دەکات.

‎لە کۆتایی کۆبوونەوەکە هەردوو لا جەختیان کردەوە لەسەر ئەوەی کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و پێویستی بە کاری پێکەوەیی و ڕۆژانەی هەموو لایەنەکان هەیە.