ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ نوێنەری تایبەتی یەکێتيی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆبووەوە
دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەورووپا (EEAS) لە برۆکسل، دیدارێکی ئاستبەرزی لەگەڵ خاتوو کاجسا هیلدور ئۆلۆنگرن، نوێنەری تایبەتی یەکێتيی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ بە یاوەری نوێنەری حکومەتی هەرێم لە یەکێتيی ئەوروپا د. دلاوەر ئاژگەیی ئەنجام دا.
نوێنەری تایبەت ئۆلۆنگرن بەخێرهاتنی شاندەکەی کرد و پیرۆزبایيی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو هەوڵە بەهێز و بنیادنەرانەی لەنێوان هەولێر و بەغدا چاودێریی کردووە. دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک یەکێک لە سەقامگیرترین ناوچەکانی عێراق دەمێنێتەوە و ئامادەیيی خۆی بۆ فراوانکردنی هاوکارییەکان دەربڕی.
دیندار زێباری تێڕوانینێکی گشتگیری سەبارەت بە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی و ئاسایش خستەڕوو. ناوبراو ئاماژەی بە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم دا لە بەهێزکردنی ئافرەتان لە دەسەڵاتەکانی بڕیاردا، وەک ڕێژەی (٣٠٪) ئافرەتان لە پەرلەمان، هەبوونی زیاتر لە (٦٩) دادوەری ئافرەت و سەتان ئەفسەری پۆلیسی ئافرەت و هەروەها یاسای پاراستنی ئافرەتان لە توندوتیژيی خێزانی.
هەروەها زێبارى جەختی لە ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدان و ڕۆڵی پێشەنگی حکومەتی هەرێم لە دادگاییکردنی ئەندامانی داعش و پاراستنی پێکهاتەکان کردەوە، لەوانە میوانداریکردنی زیاتر لە ٣٠٠ ههزار ئێزدی کە بەهۆی بارودۆخی ئەمنیيەوە تا ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە شەنگال. هەروەها ئاماژەی دا بە هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد کە نزیکەی نیو ملیۆن لاپەڕە بەڵگەی لەسەر تاوانەکانی داعش پێشکەش کردووە، وەک پابەندبوونێکی ناوەندی بە دادپەروەری و لێپرسینەوە تیشکی خرایە سەر.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاستەنگە ئەمنییە بەردەوامەکان کرا، لەوانە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییەکان، دەستوەردانی گروپە چەکدارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک شنگال و هێرشەکانی ئەم دواییە بۆ سەر ژێرخانی وزە لە کۆر مۆر. دکتۆر دیندار زێباری جەختی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کردەوە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی پەرەسەندنی قاچاخچێتی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان.
دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە سەقامگیری حکومەتی هەرێم ڕاستەوخۆ بەشدارە لە ئاسایشی ناوچەکە و ئەورووپا، بەتایبەتی لە ڕێگەی ڕێوشوێنەکانی ڕێگریکردن لە دزەکردنی توندڕەوی و چالاکیی تاوانکاری سنووربەزێن.
نوێنەری تایبەت ئۆلۆنگرن ستایشی حکومەتی هەرێمی کرد وەک هاوبەشێکی نموونەیی و بنیاتنەر لە عێراق و ئاماژەی بە زۆر بوار کرد کە خزمەتگوزاریی کاروباری دەرەوەی ئەوروپا و حکومەتی هەرێم دەتوانن لە نزیکەوە هاوکاری بکەن.
نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا ئارەزووی زیاتری بۆ دامەزراندنی میکانیزمێکی دیالۆگی تۆکمە کرد لەنێوان بەشی خزمەتگوزاریی کاروباری دەرەوەی ئەورووپا و نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و پێشوازی لە بیرۆکەی سەردانی داهاتووی بۆ هەولێر بۆ زیاتر پێشخستنی هاوکارییەکان کرد.
کۆبوونەوەکە بە ڕێککەوتنی هاوبەش بۆ بەدواداچوون بۆ ئەم گفتوگۆیانە کۆتایی هات، ئەمەش ئاماژەیە بۆ هەنگاوێکی گرنگ بەرەو پتەوکرنی پەیوەندییەکانی یەکێتيی ئەورووپا و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ، حوکمڕانی و سەقامگیريی ناوچەکە.