ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە برۆکسل لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کۆبووەوە
لەنێوان ٩ بۆ ١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، زنجیرەیەک کۆبوونەوەی لە برۆکسل لەگەڵ بەرپرسانی مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا ئەنجام دا.
هەر یەک لەوانە؛ کاجسا هیلدور ئۆلۆنگرن، نوێنەری تایبەتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ مافەکانی مرۆڤ؛ مارتێ تێمیدۆ، جێگری سەرۆکی لیژنەی لاوەکیی مافەکانی مرۆڤ لە پەرلەمانی ئەورووپا و ئانا ماریا پاناگیۆتاکۆپۆلۆ، بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و وڵاتانی کەنداو لە ئۆفیسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی ئەورووپا (EEAS).
لە کۆبوونەوەکاندا، کە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتيی ئەورووپا ئامادەى بوو، تیشک خرایە سەر پەنابەران و مافەکانی مرۆڤ، هاریکاریی دامەزراوەیی نێوان حکومەتی هەرێم و یەکێتیی ئەورووپا.
زێباری باسی لە جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) و هاوکارییەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ یونیتاد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ تاوانەکانی داعش کرد. هەروەها دوایین پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە حوکمڕانیی دیموکراسی و پاراستنی کەمینەکان و بەشداریی ئافرەتان و چاکسازییە یاساییەکان کرد.
لە کۆبوونەوەکاندا باس لە ئاستەنگی ئەمنی و مرۆیی کرا، لەوانە هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکییەکان، دەستوەردانی گرووپە چەکدارەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی وەک شنگال.
زێباری جەختی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و بەهێزکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکان، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی پەرەسەندنی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان کردەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکاندا باس لەو ئاڵنگارییانە کرا لە داهاتوودا و دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق، كە پەیوەستن بە ئاوارەکان، پاراستنی پەنابەران و پشتیوانیی نێودەوڵەتی.
بەرپرسانی یەکێتیی ئەورووپا، پێشوازییان لە گفتوگۆکان کرد و ئارەزووی خۆیان دەربڕی بۆ بەردەوامیی کارکردن و هەماهەنگیی پێکەوەیی. هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامی گفتوگۆكان و بەشداریکردن لە پشتیوانیکردن لە سەقامگیری و مافەکانی مرۆڤ و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق كردەوە.