ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئۆزلەم دەمیرێل ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا باسیان لە سهقامگیريی ناوچەکە و هەوڵەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئاشتی کرد
ڕۆژى پێنجشهممه ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، گفتوگۆیەکی گرنگی لەگەڵ ئۆزلەم دەمیرێل، ئەندامی پەرلەمانی ئەورووپا ئەنجام دا بۆ پێشخستنی هاوکارییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی ئەورووپا.
لە کۆبوونەوەکەدا کە دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتيی ئەورووپا ئامادەى بوو، تیشک خرایە سەر بەهێزکردنی بەها هاوبەشەکان، قووڵکردنەوەی پەیوەنديی سیاسی و گەڕان بەدوای هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەوپێشبردنی سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
زێباری کورتەیەکی لەبارەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خۆبەڕێوەبەری، ڕۆڵی وەک پەناگەیەکی سەلامەت بۆ زیاتر لە دوو ملیۆن پەنابەر و ئاوارەکان و بەشدارییە بەرفراوانەکانی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا بۆ خاتوو دەمیرێل خستەڕوو.
ناوبراو تیشکی خستە سەر پابەندبوونی حکومەتی هەرێم بە پرۆسەی چاکسازی و دیموکراسی، لەوانەش یاسادانان بۆ پاراستنی ئافرەتان، ڕۆژنامەنووسان و پێکهاتە ئاینییەکان، هەروەها پێشکەوتن لە دادپەروەريی ئینتقالی و ڕزگارکردنی زیاتر لە سێ ههزار و ٥٠٠ سهت ئێزديی ڕفێندراوی دەستی داعش.
جەختی لەوە کردەوە کە ئەم دەستکەوتانە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمن بۆ بنەما هاوبەشە ئەوروپايیەکان کە بریتین لە کەرامەتی مرۆڤ و سەقامگیری و سەروەريی یاسا. هەروەها گفتوگۆکان باسیان لەو ئاستەنگە ئەمنییە ئاڵۆزانە کرد کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان دەبنەوە.
ڕێكخهرى ڕاسپارده نێودهوڵهتييهكان کاریگەرییە ناسەقامگیرکەرەکانی گرژییەکانی ناوچەکەی خستەڕوو، لەوانە هێرشی سنووربەزێن، هەڕەشەکانی حەشدی شەعبی و ناکۆکییە بەردەوامەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کە پەیوەندییان بە حوکمڕانيی ناوچە جێناکۆکەکان و بابەتەکانی بودجەوە هەیە.
ناوبراو لێکەوتە مرۆیی و ئەمنییەکانی بوونی گرووپە چەکدارەکانى لە شەنگال خستەڕوو کە لە ئەنجامدا هەزاران هاووڵاتيی مەدەنی ئاوارەبوون و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان فراوانبوون.
سەرەڕای ئەم فشارانە، ئاماژەی بە پێشهاتە ئەرێنییەکانی ئەمدواییە کرد، لەوانە سەردانە مێژووییهكهى سەرۆک مهسعود بارزانی بۆ پارێزگەی شڕناخ و دەڤەری جزیرێ و بەشداریکردنی لە سیمپۆزیهمی "مەلایێ جزیری" و دەربڕینی پشتیوانى بۆ پرۆسەی ئاشتی.
خاتوو دەمیرێل پێشوازی لە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم کرد و چەند پرسیارێکی کرد لهبارهى بە هەڵوێستی حکومەتی هەرێم سەبارەت بە مافەکانی کورد لە تورکیا و پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق.
ناوبراو پێزانینی خۆی بۆ شەفافیەتی حکومەتی هەرێم دەربڕی و ئامادەیيی خۆی دووپات کردەوە بۆ پێشکەشکردنی پشتیوانی لە چوارچێوەی ئەرکی پەرلەمانیدا.
هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە هاوکاری قووڵتر و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی ئەورووپا بۆ پێشخستنی سەقامگیری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و پێشخستنی چارەسەری ئاشتیيانە لە ناوچەکەدا پێویستە.