Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی کاری هاوبەش تاووتوێ دەکەن

ڕۆژى دووشه‌ممه‌ ٣ی شوباتی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە تیمێکی ڕێکخراوى کۆچى نێودەوڵەتى (IOM) كرد، بە سەرپەرشتيى یۆکۆ فوجیمورا، بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخراوەکە لە هەرێمى كوردستان.
لە دیدارێکدا باس لە هەوڵە بەردەوامەکانى حکومەتى هەرێم کرا بۆ پابەندوون بە بنەماکانى مافى مرۆڤ، بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتييەکان و ئەو ڕاسپاردانەى ئاراستەی هەرێم کراون، بۆ بەرەوپێشبردنى ڕەوتى مافەکانى مرۆڤ لە گشت بوارەکان لە هەرێمى كوردستان.
بەرپرسى نووسینگەى ڕێکخراوى كۆچى نێوده‌وڵه‌تى هەوڵەکانى حکومەتى هەرێمى بەرز نرخاند لە پابەندبوون بە جێبەجێکردنى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانى پەیوەست بە مافەکانى مرۆڤ، لە چوارچێوەى پلانى حکومەتى هەرێم بۆ مافەکانى مرۆڤ، بە تایبەتی پاراستنی مافى ئاوارە و پەنابەران لە کەمپەکان و لە دەرەوەى کەمپەکان و دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانیان.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان جەختی لە بەردەوامیدان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی کۆچى نێودەوڵەتى کردەوە لەم ساڵدا کە کۆتا ساڵى جێبەجێکردنى پلانى حکومەتى هەرێمە بۆ مافەکانى مرۆڤ، بە تایبەت لە بوارى مافى گەنجان و خاوەنپێداویستيى تایبەت.
هەردوولا ڕێککەوتن لە داهاتوودا بە هەماهەنگى لەگەڵ ڕێکخراوەکە کار بکرێت بۆ کۆکردنەوەى لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئاژانسەکانى نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگه‌ى مەدەنى، نووسینگەى دیپلۆمات و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەر سێ دەسەڵاتی هەرێم، بە مەبەستى دەرخستنى ڕێکارى نوێى پەیوەست بە هەر دوو بوارەکە.