Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: سیاسەتی پاراستنی مەدەنییەکان لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ پابەندبوون بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان یەکدەگرێتەوە

بە بۆنەی دەستپێکردنی سیاسەتی نیشتمانی، بۆ پاراستنی مەدەنییەکان، لیژنەی هەمیشەیيی یاسای مرۆیيی نێودەوڵەتی لە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سودانی، سیمینارێکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی هیواى عێراقی و ڕێکخراوی پاکسی هۆڵەندی سازدا.
لە سەرەتای سیمینارەکەدا دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتارێکی له‌بارەی گرنگی سیاسەتەکە لە کاتی ئاشتی و ململانێکاندا پێشکەش کرد و گوتی: ڕاگەیاندنى سیاسەتی نیشتمانی پاراستنی مەدەنییەکان لەگەڵ هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی مافەکانی مرۆڤ، بەپێی بنەماکانی یاسای مرۆیيی نێودەوڵەتی و پابەندبوون بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان یەکدەگرێتەوە. چونکە پاراستنی مەدەنییەکان بەرپرسیاریەتییەکی ئەخلاقی و نیشتمانییە، کە پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانە لە نێوان حکومەت، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی، بۆ دڵنیابوونه‌وه‌ لە زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکانی بەردەم پاراستنى هاووڵاتیيانی سڤیل.
لەلایەکی دیکەوە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم لەم بوارەدا کرد و گوتى: حکومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی بۆ پاراستنی مەدەنییەکان ناوه‌، لە ڕێگەی ئەنجامدانی وۆرکشۆپی مەشق و ڕاهێنان بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و پۆلیس و لایەنە ئەمنییەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق (یونامی) و چەندین ڕێکخراوی نێودەوڵەتی.
زێباری ئاماژەی بەوەش کرد حکومەت بەرنامەکانی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤی بەهێزتر کردووە و کاردەکات بۆ ڕێگریکردن لە سەربازگیريی منداڵان لە ململانێ چەکدارییەکاندا و دڵنیابوون لە پاراستنی مەدەنییەکان لە کاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا.
سەبارەت بە هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گوتی: پێشتر هەماهەنگیمان هەبووە لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) و لیژنەی نیشتمانی بۆ هەماهەنگی لەگەڵ یونیتاد (NCC) بۆ دڵنیابوون لە لێپرسینەوە لە تاوانبارانی داعش، قەرەبووکردنەوەی قوربانیيان و بەهێزکردنی دادپەروەری.