Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و بەڕێوەبەری هابیتات لە عێراق ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ لە جێبەجێکردنی پرۆژەکاندا تاووتوێ دەکەن

ڕۆژى سێشه‌ممه‌ ١١ی شوباتی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، شاندێکی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ نیشتەجێبوون (UN Habitat) لە عێراق، بە سەرۆکایەتيی ڕیۆسۆکی تیراوکا، بەڕێوەبەری نووسینگەی هەرێمی کوردستان بە وەکالەت، سه‌ردانى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كانى كرد و له‌لايه‌ن ديندار زێبارى، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانه‌وه‌ پێشوازى لێ كرا.
لە دیدارێکدا ديندار زێبارى ئاماژەی بە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025) کرد و گوتی: بۆ جێبەجێکردنی پلانەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و گشت دامودەزگه‌ پەیوەندیدارەکانی هەرێم، هه‌نگاوى باش نراون، لەم ڕووەوە بەشێکی زۆری ڕاسپاردەکان جێبەجێ کراون. بۆ خێراکردنی پرۆسەکەش ده‌ ڕێکار دەرکراون و ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون لە چەندین بواری جیاجیا و لە ئێستاشدا کار بۆ دەرکردنی ڕێکاری نوێى تایبەت بە کەسانی كه‌مئه‌ندام و خاوەنپێداویستيی تایبەت ده‌كرێت.
ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان ئاماژەی بەوەش کرد: بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، حکومەتی هەرێم پێویستی بە هاوکاريی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی هەیە، بۆیە بە باشی دەزانین کە بنەماکانی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە پرۆژەکاندا ڕەچاو بکرێن، بە تایبەتی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیری لە گشت بوارەکاندا.
لەلایەن خۆیەوە ریۆسۆکی تیراوکا تیشکی خستە سەر پرۆژەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و گوتی: لە عێراقدا يازده‌ پرۆژەی جۆراوجۆرمان هەیە، لەوانە چوار پرۆژەیان لە هەرێمی کوردستانن، لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانى لافاو، كەمکردنه‌وه‌ى ڕێژەی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە هەوا، بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، بە تایبەتی کەمبوونەوەی ئاو و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی خۆراک. ئەوەشی باس کرد کە پێشتر ماستەرپلانی هەولێریان ئەنجام داوە و لە ئێستادا کار دەکەن بۆ نوێکردنەوەی، بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی هاریکاريی نێودەوڵەتيی ژاپۆنی (جایکا) و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم.
لە کۆتایيی کۆبوونەوەکە هەردوولا ڕێککەوتن کە لە داهاتوودا زنجیرەیەک کۆبوونەوە و دیدار لە نێوان هابیتات، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم ئەنجام بدرێت،بە مەبەستی ڕەچاوکردنی بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ لە پرۆژەکانی داهاتووی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان.