ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەوروپا جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تاووتوێ دەکەن
ڕۆژی دووشەممە ١٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ڕادو یوجین بوتوم، بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر کرد و گفتوگۆیان لەبارەی چەند بابەتێکی هاوبەش کرد، لەوانە پێشخستنی ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ، حوکمڕانیی باش و بەرزکردنەوەی هاوبەشی ستراتیژی نێوان حکومەتی هەرێم و یەکێتیی ئەورووپا.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، کە لە ساڵی ٢٠٢١ــەوە پەسەند کراوە، وەک چوارچێوەیەکی بنەڕەتی، بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە هەرێمدا. لەم ڕووەوە دەستکەوتی بەرچاو بەدەست هاتوون، لەوانە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر، گەندەڵی، پاراستنی پێکهاتەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان بە نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و دەستەبەرکردنی ئازادیی میدیایی بۆ بەرزکردنەوەی هۆشیاری و شەفافیەت.
لەلایەکی دیکەوە جەخت لە گرنگی بنیاتنانی تواناکان و هاوکاریی تەکنیکی کرایەوە بۆ بەهێزکردنی تواناکان، لە جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ و دەستخستنی شارەزایی لە جێبەجێکردنی ڕاسپاردەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.
دیندار زێباری ئەوەشی خستەڕوو کە یەکێتیی ئەورووپا دەتوانێت ڕۆڵێکی زیاتر و کاریگەری هەبێت لە هاوکاریکردنی حکومەتی هەرێم لەو بابەتانەی پەیوەستن بە جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی نووسینگەی پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لە هەولێر ستایشی هەوڵەکانی پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کرد، سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کارنامەی حوکمڕانیی خۆیدا، وەک پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) و ئامادەییی یەکێتیی ئەوروپاشی بۆ بەهێزکردنی کاری هاوبەش لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەربڕی، لەڕێگەی پێشکەشکردنی پاڵپشتیی تەکنیکی و ئاسانکاری بۆ پەیوەندی لەگەڵ دامەزراوە ئەوروپاییەکان و داکۆکیکردن لە دەستکەوتەکانی ناوچەکە لەسەر ئاستی یەکێتیی ئەورووپا.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکە هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی هاوتەریبکردنی ئاستی حوکمڕانی لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد، هەروەها دووپات لە بوونی دیدگەی هاوبەش بۆ هاوکاری نێوان حکومەتی هەرێم و یەکێتیی ئەورووپا و زیاترکردنی هاوکاریکردنی دامەزراوەکان و جێبەجێکردنی دەستپێشخەرییە هاوبەشەکان کرایەوە.