Skip to the content

بە بەشداریی نوێنەری حکومەتی هەرێم ڕاسپاردەکانی عێراق بۆ پانۆرامای خولی گشگیر (UPR) پەسەند کران

ڕۆژی هەینی ٣١ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ خولی ٤٨ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیری ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ (UPR) کۆتایی هات.
ئەمڕۆ بە بەشداری دکتۆر دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری حکومەتی هەرێم و خالید شوانی، وەزیری دادی حکومەتی فیدرال و باڵیۆز عەبدولکەریم هاشم، نوێنەری هەمیشەییی عێراق لە جنێڤ و نوێنەرانی دامودەزگەکانی حکومەتی فیدرال و حکومەتی هەرێم، ئەو ڕاسپاردانەی ئاراستەی شاندی کۆماری عێراق کراون پەسەند کران، دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەکانی ڕۆژانی ڕابردوو پێداچوونەوە بە ژمارەیەک ڕاسپاردە کرا.
دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٢٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٥، نوێنەرانی وڵاتان ڕاسپاردە و سەرنجەکانی خۆیان پێشکەش بە شاندی حکومەتی فیدرال و هەرێم کرد، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە بەشداریی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوەکانی لیژنەی ترۆیکا و پسپۆڕانی ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام بوون بۆ ڕێکخستنی ئەو ڕاسپاردانەی لەلایەن نوێنەرانی وڵاتانەوە ئاراستەی عێراق کراون و دووبارە داڕشتنەوە و یەکخستنیان.
لە خولی (٤٨)ەمینی پانۆرامای خولی گشتگیر ٢٦٣ ڕاسپاردە لە بوارە جیاجیاکان ئاراستەی کۆماری عێراق کراون کە، پێویستە لە ماوەی داهاتوودا هەڵوێستی خۆی بە قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەیان بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ ڕابگەیەنێت، بۆ ئەوەی لە خولی (٤٩)ی پانۆرامای خولی گشتگیر کار بۆ جێبەجێکردنیان بکرێت.
شایەنی باسە لیژنەی ترۆیکا لە نوێنەرانی چیلی، بۆرۆندی و دوورگەکانی مارشاڵ پێکهاتووە و بەرپرسە لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت و ڕاسپاردەکانی کۆماری عێراق.