لە خولی چل و ههشتهمی پانۆرامای خولی گشتگیر لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستانى پێشکەش كرد
ڕۆژى دووشهممه ٢٧ى كانوونى دووهمى ٢٠٢٥، لەمیانەی گوتارێکدا سەبارەت بە گفتوگۆکردنی ڕاپۆرتی چوارەمی کۆماری عێراق، کە لە کردنەوەی خولی چل و ههشتهمی پانۆرامای خولی گشتگیر، لە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ، لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ پێشکەشی کرد، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پەیوەست بە هەرێمى كوردستان، لە چوارچێوەی پانۆرامای خولی گشتگیر کە خۆی لە یاسا، ڕێنمایی و هەنگاوی پراکتیکیدا دەبینێتەوە.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە دەستپێکی گوتارەکەیدا ڕایگەیاند: بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکان، حکومەتی هەرێم پلانی مافەکانی مرۆڤی (2021-2025)ى ئامادە کردووە کە هاوتەریب و تەواوکەری پلانی نیشتمانییە بۆ مافەکانی مرۆڤ بە هاوکاری دەسەڵاتی یاسادانان و دادوەری و بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە چالاکەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا ئەوەی خستەڕوو کە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئەیلوولی 2021 پلانەکەی پەسەند کرد و تا ئێستا (10) ڕێكارمان دەرکردووە بۆ پەرەپێدانی سیاساتی درێژمەودا، ڕێژەی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکان، گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، بە جۆرێک لە دەسەڵاتی جێبەجێکردن گەیشتووهته (74%)، دەسەڵاتی یاسادانان (31%) و دەسەڵاتی دادوەری (67%)، ئەم ڕێژانەش ڕەنگدانەوەی هەوڵەکانی حکومەتى ههرێمى كوردستانه بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پانۆرامای خولی گشتگیر.
ئەوەشی ئاشکرا کرد تا ئێستا (75%) ڕاسپاردەکانی تایبەت بە پاراستنی مافی پێکهاتەکان، نەهێشتنی جیاکاری و گوتاری ڕقلێبوونەوە جێبەجێ کراون، حکومەتی هەرێم چەندین یاسا و ڕێنمایيی تایبەتی دەرکردووە، هەروەها زیاتر لە دوو ههزار و سهت پیاوی ئایینی ڕێزیان لێ گیرا، لە بەرانبەر هاندانیان بۆ پتەوكردنی بەهاکانی پێکەوەژیان و ڕەتکردنەوەی ڕقوکینە لە کۆمەڵگهدا.
سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ديندار زێبارى گوتی: لە سێ ساڵی ڕابردوودا ههزار و 456 کەس بە تیرۆر و ٦٨٩ كهسيش بە سیخوڕی سزادراون و لەمیانەی هەوڵەکانی بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی تیرۆریستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش یونیتاد زیاتر لە 42 ههزار فایل دەکاتە (٤٠٨,٥٤٠) لاپەڕە لە تاوانەکانی داعش، بە سیستەمێکی دیجیتاڵی دیکیۆمێنت کراون. هەروەها یونیتاد (57.4) گێگابایت لە زانیاری و بەڵگەنامە کۆدکراوەکانی ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم کردووە، لەلایەکی دیکەوە لەمیانەی هەوڵەکانی ڕزگارکردنی ڕفێندراوان بەردەوامن و تواندراوە (3.580) کەس ڕزگار بکرێن و یارمەتيی دارایی لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە پێشکەش بە زیاتر لە (3.500) ڕزگار بوو دەکرێت.
ئەوەشی ڕوون کردەوە کە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕاسپاردەکانی گەڕى سێیەمی پانۆرامای خولی گشتگیر لە یاسا ناوخۆييهکاندا پێناسەی تاوانی ئەشکەنجەدان کراوە بەپێی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتيی پاراستنی تاکەکان لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی نامرۆیی لە ڕەشنووسی یاسای نەهێشتنی ئەشکەنجەدان، کە لە پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و لە داهاتوودا خوێندنەوەی دووەمی بۆ دەکرێت، لەلایەکی دیکەوە (٣٢) کەیسی ئەشکەنجەدان ئیحالەی دادگا کراون و (٣١) کەسیش بە کەیسی پەیوەندیدار بە بەکارهێنانی توندوتیژی پێبژاردنيان بۆ كراوه. هەر سەبارەت بەم پرسە حکومەتی هەرێم هەوڵ دەدات جەنجاڵيی چاکسازییەکان چارەسەر بکات لە ڕێگای بونیادنانی چوار چاکسازیی نوێی گەوران، منداڵان و ئافرەتان، هەروەها (344) سزادراو کار دەکەن و (3.665) سزادراویش سوودیان لە وۆرکشۆپ و سیمینارەکان بینیوە و زیاتر لە (40.000) خزمەتگوزاريی تەندروستيی جۆراوجۆر پێشکەش کراوە.
شەفافیەت و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یەکێکی دیکە بوو لەو بابەتانەی کە ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی پێ کرد، لەم ڕووەوە گوتی: لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی توانراوە (50%) ڕاسپاردەکانی پانۆرامای گشتگیر جێبەجێ بكرێن، بەپێی ڕاپۆرتی دەستەی دەستپاکی لە ساڵی 2024دا (573) داوای یاسایی تۆمار کراون، لەوانە (223) داوا ئیحالەى دادگا کراون و (1,047) داوايش لەژێر لێکۆڵینەوەدان و (97) کەس سزا دراون. لە ئێستادا ستراتیژیەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی کەوتووهتە بواری جێبەجێکردنهوه.
لە بارەی پاراستنی مافی منداڵان و کرێکاران خاوەنپێداویستيی تایبەتيش، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: بە ئامانجی پاراستنی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژی و مامەڵەی نەشیاو بەپێی پێوەر و ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، حکومەتی هەرێم سیاسەتی پاراستنی منداڵانی پەسەند کردووە. لە بواری کاردا (34) لیژنە پێکهاتوون لەوانە لیژنەی بازاڕ، لیژنەکان (22.651) سەردانیان بۆ پرۆژەکان ئەنجام داوە، هەروەها حکومەتی هەرێم زیاتر لە (100.000) هەلی کاری فەراهەم کردووە و بەپێی بڕیارێک نابێت ڕێژەی کرێکارانی خۆماڵی لە پرۆژەکاندا کەمتر بێت لە (75%). لەلایەکی دیکەوە بۆ زامنکردنی مافەکانی خاوەنپێداویستيی تایبەت داتابەیسێک دانراوە کە زانیاريی تەواو لەخۆ دەگرێت لهبارەی و کارتێکی زیرەکیان پێ دراوە بۆ ئاسانکاری لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری. بڕیار وایە (9.000) یەکەی نیشتەجێبوون بونیاد بنرێت کە ڕێژەی (3%)ی بۆ خاوەنپێداویستيی تایبەت تەرخان دەکرێت. لەلایەکی دیکەوە ڕێنمایيی ژمارە 1ی ساڵی 2024ى سەبارەت بە نەخۆشخانەی دەروونی بۆ ئافرەتان دەرکرد، بە ئامانجی دابینکردنی چارەسەر و چاکسازی بۆ ئەو ئافرەتانەی بە دەست نەخۆشییە دەروونییەکانەوە دەناڵێنن.
ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: هەرێمی کوردستان میوانداريی نزیکەی (1,009,788) ئاوارە و پەنابەر دەکات و پێداویستییەکانیان دابین دەکات لە بواری نیشتەجێکردن، تەندروستی و پەروەردە، تەنیا لە بواری پەروەردەشدا ژمارەی قوتابیيانی ئاوارە و پەنابەر بۆ ساڵی خوێندنی (2023-2024) گەیشتووەتە نزیکەی (36,300) قوتابی لە کەمپەکاندا.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان گوتی: لە جێبەجێکردنی هەندێک ڕاسپاردەدا ڕووبەڕووی ئالنگاريی کارگێڕی و دارایی بووینەوە، وەک هەموارکردنەوە یان دەرکردنی یاسای نوێی نیشتمانی سەرەڕای ئەوەش جێبەجێکردنی ئەو ڕاسپاردانەی لە خولەکانی پێشووی پانۆرامای خولی گشتگیر ئاڕاستە کرابوون کاریگەرییان هەبووه لە بەهێزکردنی بنەماکانی حوکمڕانيی باش.