Skip to the content

ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە پابەندبوونی پێشمەرگە بە یاسا و ڕاسپاردە نێودەڵەتییەکان تاووتوێ دەکەن

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، د. دیندار زێباری، ڕێکخەرى ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لەگەڵ لیوا ڕوکن بەختیار محەمەد، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا تیشك خرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگەی کوردستان، وەك سیمبولى پارێزگاریکردن لە ئاشتى و سەقامگیریى نێوخۆیى و نێودەوڵەتی و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و بەرگریکردن لە بەها مرۆییەکان، لەم ڕووەشەوە قوربانییەکی زۆری داوە، بە تایبەتی لە شەڕی دژی تیرۆرستان بۆیە پێویستە ئەو قوربانیدانە ڕێزی لێ بگیرێت.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد "سەرەڕای ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەكان، بەڵام حکومەتی هەرێم گرنگی بە بەرزکردنەوەی تواناکانی هێزی پێشمەرگە دەدات لە هەموو ئاستەکاندا، بە لایەنی سەربازی و تەکنیکی و یاساییەوە، بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوونیان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان". هەروەها سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بۆ هاوکارییەکانیان و گوتی: پێویستە ئەم هاوکارییانە بوارى یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتی و مرۆییەکانیش لە خۆ بگرن، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی هەرێم کاردەکات لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ بەرزکردنەوەی توانا و هۆشیاریی هێزی پێشمەرگە لە یاسای مرۆییی نێودەوڵەتی و یاساکانی جەنگ بەپێى پێوەرە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ، بە تایبەتی لە کاتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
لەلایەن خۆیەوە ئەمینداری گشتیی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، سوپاسی هەوڵەکانی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، لە بۆ پەرەپێدان و بەرزکردنەوەی تواناکانی ئەفسەران لە بواری یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی بەتایبەت بواری سەربازیی.