Skip to the content

تووشبوانی ماددەی هۆشبەر لە شەش سەنتەری تایبەتمەند شیاندنەوەیان بۆ دەکرێت

ڕۆژی دووشەممە 30ی حوزەیران، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان، نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی فریاکەوتنی میللی نەرویجی دیدارێکیان ڕێکخست بە ناوی (ئالوودە بوو نەخۆشە تۆمەتبار نییە).

لە دیدارەکەدا نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت، دەسەڵاتی دادوەری، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو(UNODC) ، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و لایەنە نێودەوڵەتییەکان ئامادە بوون.


لە دیدارەکەدا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند ئەم دیدارە یەکێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (2021-2025)، و پێشتریش لە تشرینی یەکەمی 2023 بە سەرپەرشتی سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتیمان سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان ئەنجامدا، ئەوەشی خستە ڕوو کە لەم دیدارەدا جەخت دەکرێتە سەر ئەوەی کە بەکارهێنەر (ئالوودەبوو) وەک نەخۆش سەیر بکرێت نەک تاوانبار و شیاندنەوەیان و چۆنیەتی دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگا.

د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە بارەی هەوڵەکانی حکومەت لەم ڕووەوە ڕایگەیاند: لە ‌حکومەتی هەرێم هەوڵی جددی دراوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر بە سزادانی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و هەوڵدان بۆ دووبارە شیاندنەوەی بەکارهێنەران، هەروەها یاسای ژمارەی یەکی ساڵی 2020 یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەكان و كارتێكەرە عەقڵییەكانی دەرچووە، هەروەها لە ساڵی 2023 ڕێنمایی ئاسایی جێبەجێکردنی ئەم یاسایە دەرچوو، لەلایەکی دیکەوە پەیرەوی ستراتیجییەتی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان دانراوە کە لە چوار تەوەر پێک هاتووە. ئەوانیش لایەنی یاسایی، چارەسەر و شیاندنەوە، ڕێگەگرتن و بەرەنگاربوونەوە و هۆشیاریی گشتی.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستە ڕوو: شەش سەنتەری شیاندنەوەی ئالوودەبووان لە چاکسازییەکان گەوران، ئافرەتان و منداڵان لە سلێمانی، دهۆک و هەولێر کراونەتەوە کە چارەسەری پزیشکی، ڕاوێژکاری و خزمەتگوزاری پشتگیری بۆ گەڕانەوەی ئالوودەبووان بۆ ناو  کۆمەڵگا لەم سەنتەرە دابینکراوە و تاکو ئێستا (765) کەس شیاندنەوەی پێویستیان بۆ کراوە، لەلایەکی دیکەوە لە هەولێر بەردی بناغەی سەنتەری هۆشیاری و شیاندنەوەی ئالوودەبووانی ماددە هۆشبەرەکان دانراوە، کە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوی LDS ەوە بنیات دەنرێت، لەم سەنتەرەدا سیستەمی چارەسەری بە پشتبەستن بە پرەنسیپە پزیشکی و چارەسەرییە زانستییە جیهانییەکان دەبێت کە بریتییە لە هۆشیارکردنەوە، پاککردنەوە، بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی کەسانی ئالوودەبوو بۆ نێو ژیانی ئاسایی کۆمەڵگە.

 ڕێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان تیشکی خستە سەر گیراوان و سزادراوانی ماددەی هۆشبەر لە هەرێمی کوردستان و گوتی: بەپێی ئامارەکانی دەزگا ئەمنییەکان لە چوار مانگی یەکەمی ئەمساڵدا (388) تۆمەتباری مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، کە (173) کەس بەکارهێنەر و(143) کەس  بازرگانی ئاسایی بوون، (٧٢) کەسیش بازرگانی نێودەوڵەتی بوون، بەشێوەیەکی گشتی ژمارەی سزا دراو و ڕاگیراوەکان بە تۆمەتی بازرگانی کردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە دام و دەزگاکانی لە  هەرێم بریتی بووە لە (4.636) کە  (1.564)یان لە چاکسازییەکانن لەوانە (911) بازرگانن، هەروەها (653) بەکارهێنەر شیاندنەوەیان بۆ دەکرێ لەوانە (٩٩) ئافرەت و منداڵن لە نێوان سزا دراو و ڕاگیراو کە بەشێکیان خەڵکی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دەوروبەرن.  

 ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆربەی ئەو کەسانەی بەکارهێنەری ماددەی هۆشبەرن لە هەرێمی کوردستان ڕەگەزی نێرن بە ڕێژەی (90%)، لەوانەش (80%)یان تەمەنیان لەنێوان (18-35) ساڵیدایە، (6%)یان تەمەنیان لەسەرووی (٣٥) ساڵیدایە و (4%)یش ئەوانەن تەمەنیان لەخوارو ١٨ ساڵیدایە، و (10%)ی بەکارهێنەران لە ڕەگەزی مێینەن لەتێکڕای تەمەنەکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان گوتی: هەماهەنگیمان لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوانی ڕێکخراو  (UNODC) لە ئاستێکی بەرزدایە و لەم رووەوە توێژینەوەیەکی وردمان ئەنجامداوە کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر بە قاچاخ بردنی ماددەی هۆشبەر و شێوازەکانی رووبەڕووبوونەوەی، لەلایەکی دیکەوە حکومەتی کەنەدا پرۆژەیەکی پشتیوانی دارایی راگەیاندووە بۆ هاوکاری کردنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ دەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی حکومەتی هەرێم لە بوارەکانی دابینکردنی پێداویستی لۆجیستی له ئامێری پێشکەوتووی پشکنین، ئامێرە پزیشکییەکان، بە دیجیتاڵکردنی داتا، بەهێزکردنی خاڵەکانی پشکنین .