Skip to the content

کونسوڵی گشتیی ژاپۆن: پابەندبوونی هەرێم بە ڕاسپاردەکان هەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ شەفافیەت

ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٥، دکتۆر دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە هیتۆشی ئیشیزوکا، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان کرد و تاوتوێی میکانیزمەکانی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ژاپۆن و بەهێزکردنی پشتیوانییەکانیان بۆ هەرێم کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، دکتۆر زێباری ستایشی ڕۆڵی ژاپۆنی کرد لە پشتیوانیکردنی پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێم لە بوارەکانی وزە، ئاو، تەندروستی و کشتوکاڵدا. هەروەها جەختی لەسەر هەنگاوە جدییەکانی حکومەتی هەرێم کردەوە لە چوارچێوەی پلانی مافەکانی مرۆڤ، کە بووەتە جێگەی ستایشی نێودەوڵەتی، بەڵام ئاماژەی بەوەشدا کە هێشتا پێویستیان بە پاڵپشتيی زیاتری نێودەوڵەتی هەیە، بە تایبەت لە بواری بنیاتنانی توانا مرۆییەکاندا.
لای خۆیەوە، کونسوڵی گشتیی ژاپۆن پابەندبوونی هەرێمی کوردستانی بە ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە بواری حوکمڕانیی باش و شەفافیەتدا وەسف کرد. ناوبراو بەڵێنی دا کە وێنەیەکی گشتگیری سیستەمی حوکمڕانیی هەرێم بۆ هاوبەشە ژاپۆنییەکان بگوازێتەوە و هەوڵ بدات بۆ بەردەوامیدان و پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا لە داهاتوودا.