ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان: لە کابینەی نۆیەم هەنگاوی زۆر بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان نراون

ئەمڕۆ شەممە ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ئافرەتانە. ئەم ڕۆژە دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و قوربانیدانی ئافرەتان لەپێناو مافەکانیاندا. لە هەرێمی کوردستانیش کار و چالاکیی زۆر ئەنجام دراون لەم بوارەدا.
لەبارەی ئەم بابەتەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان هەنگاوی زۆر نراوە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی مافەکانی ئافرەتان لە ڕووی یاسایی و کردارییەوە، لەوانە یاسای نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان ژمارە (٨)ی ساڵی ٢٠١١، کە تا ئێستا لە زۆر لە وڵاتانی ناوچەکە و جیهانیش بەمشێوەیە یاسایەک دەرنەچووە بۆ پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژیی خێزانی. جگە لەمە، چەندین یاسا هەموار کراونەتەوە و ڕێنماییی تایبەت دەرچوون، کە هەموویان لە بەرژەوەندیی ئافرەتاندان.
ئەوەشی خستەڕوو کە لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ، زیاتر لە (٧٥%)ی ڕاسپاردەکان جێبەجێ کراون، کە بەشێکیان تایبەتن بە مافەکانی ئافرەت و نەهێشتنی توندوتیژی. هەروەها ڕێکاری تایبەت دەرکراوە بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی دیکە. لەلایەکی دیکەوە، پێنج شەڵتەر بۆ ئافرەتانی هەڕەشەلێکراو و شەڵتەرێکیش بۆ قوربانیانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراوەتەوە و لە ئێستادا دەیان ئافرەت لەخۆ دەگرن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی بوونی ئافرەتان لە ناوەندەکانی بڕیاردان گوتی: زیاتر لە (٣٠%)ی ئافرەتان لە پۆستەکانی بڕیاردان لە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدان، هەروەها لە دەزگە ئەمنییەکانیش ڕێژەیان گەیشتووەتە (١٠%). لەلایەکی دیکەوە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕێژەی ئافرەتە سەرکەوتووەکان زیاتر بوو لە (٣٠%).
ئەوەشی ڕاگەیاند کە لە خولی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان ئافرەت بوون. هەروەها لە کابینەی نۆیەمدا ژمارەیەک ئافرەت لە پۆستەکانی وەزیر، بریکاری وەزیر، سەرۆکی دەستە بە پلەی بریکاری وەزیر هەن. سەبارەت بە دەسەڵاتی دادوەریی هەرێم، ٦٩ دادوەر و ٥٨ داواکاری گشتی و ١٩٨ لێکۆڵەری دادی و ٢٣٣ یاریدەدەری دادوەر لە ڕەگەزی مێ لە هەرێمی کوردستان هەن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی گوت: زیاتر لە ١٥٠٠ ڕۆژنامەنووسی ئافرەت لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان تۆمار کراون و ژمارەیەکیان خاوەنی ئیمتیاز، سەرنووسەر و بەڕێوەبەری نووسینن. لە لایەکی دیکەوە، حکومەتی هەرێم پشتگیریی دارایی پێشکەش بە نزیکەی هەشت هەزار ئافرەتی گوندنشین کردووە بۆ دامەزراندنی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان.