ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان هەماهەنگی لە بوارەکانی پاراستنی ژینگە و گەنجان تاووتوێ دەکەن

ڕۆژى دووشهممه ١٠ی ئاداری ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە گاریک هایراپیتیان، جێگری نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان (UNFPA) لە هەرێمى كوردستان كرد و باسيان لە هەماهەنگیی هاوبەشى نێوان هەردوولا کرد لە بوارەکانی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و گەنجان، پرسەکانی دانیشتووان، هەروەها چۆنیيەتی بەهێزکردنی هاوکارییەکانی نێوانیان.
ديندار زێبارى پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ مافەکانی مرۆڤ خستەڕوو، بە تایبەتی ئەو لایەنانەی کە پەیوەندییان بە پرسی دانیشتووان و چارەسەرکردنی گرفتەکانییەوە هەیە. هەروەها تیشکی خستە سەر ئەو بوارانەی کە ڕێکخراوەکە دەتوانێت هاوکاريی حکومەتی هەرێم بکات بۆ جێبەجێکردنی ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان.
لەلایەن خۆیەوە جێگری نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە هەرێم ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لەپێناو پاراستن و هاندانی گەنجان لە خزمەتگوزارییە مرۆییەکاندا. ئاماژەی بەوەش دا لە کاتێکدا کە سەرژمێری لە عێراق ماوەیەکی کەمە تەواو بووە و دەرفەتێکی گرنگە کە بتوانرێت بە شێوازێکی سەردەمیانە هەڵسەنگاندن بۆ داتا کۆکراوەکان بکرێت، تاکوو بارودۆخی دانیشووان بەرەو باشتر ببرێت و مافەکانیان زیاتر بپارێێزرێت.
ئەوەشیان خستەڕوو کە لە ئێستادا کارەکانیان زیاتر لە خزمەتگوزاری مرۆییەوە بەرەو گەشەپێدانە، بە تایبەتی لە بوارەکانی پەیوەست بە منداڵبوون، بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری، خزمەتکردنی گەنجان، پاراستنی ژینگە و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.