Skip to the content

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری UNHCR ڕەوشی ئاوارە و پەنابەران تاووتوێ دەکەن

ڕۆژى یەکشەممە، ٩ی ئاداری ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە میناکۆ کاکوما، جێگری نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR) لە هەرێمی کوردستان كرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ديندار زێبارى باسی لە ئاستەنگه‌كانى بەردەم ئاوارە ناوخۆییەکان کرد،بە تایبەتی ئاوارەکانی شنگال، کە تا ئێستا ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی دەبنەوە و ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەمەش بەهۆی بوونی هێزی چەکدار و نەبوونی سەقامگیريی لەو ناوچانەدا.
ڕێكخه‌رى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تييه‌كان هه‌روه‌ها گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران پەیڕەو دەکات. لەم ڕووەوە هیچ فشارێکیان لەسەر نییە، بەڵام خۆیان لەبەر نەبوونی خزمەتگوزاری و سەقامگیريی ناوچەکانیان ئامادە نین لە ئێستادا بگەڕێنەوە. هەروەها گوتی: لە چوارچێوەی هەوڵەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥)، گرنگییەکی زۆر بە پرسی مافی ئاوارە و پەنابەران دراوە، سەرەڕای ئاستەنگە داراییەکان، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لەسەر هاوکاریکردنیان. لەم ڕووەوە پێویستە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاری حکومەت بن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی سەرچاوە و تواناسازی بۆ گەڕانەوە و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانی ئاساییان. ئەمەش لە ڕێگەی هەماهەنگی و پلاندانانێکی دروست و بەردەوام لە نێوان حکومەتی هەرێم و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکاندا دەتوانرێت بەدەست بهێنرێت.

لە لای خۆیەوە، خاتوو کاکوما ڕۆڵی ئەرێنيی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو لە پشتگیری و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران، بە تایبەتی لە بواری دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، وەک شوێنی حەواندنەوە، تەندروستی، پاراستن، پەروەردە و پێداویستيی ڕۆژانە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە ئەم هەوڵانە ئاماژەیەکی ڕوونی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمن لە پشتگیریکردن و یارمەتیدانی مرۆڤایەتی و پەنابەران.
ئاماژەيشی بەوە دا کە ستراتیژی کارکردنی کۆمیسیۆنی پەنابەران لە چارەسەری مرۆییەوە دەگۆڕێت بۆ گەشەپێدان، بە مەبەستی هاندانی ئاوارەکان بۆ پشتبەستن بە خۆیان و یارمەتیدانیان بۆ ئەوەی ببنە بەشێکی ئەرێنيی کۆمەڵگای خانەخوێ،لە کاتێکدا بەشێکیان لە کەمپەکاندا نەماون.