ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵی گشتیی فەرەنسا جەخت لە هەماهەنگیی بەردەوام دەکەنەوە

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی ئاداری ٢٠٢٥، دیندار زێباری، ڕیکخەری ڕاسپاردە نیودەوڵەتییەکان، پێشوازی لە یان برێم، کونسولی گشتيی فەرەنسا لە هەولێر کرد.
گفتوگۆ لەبارەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١ - ٢٠٢٥) کرا، ئاماژە بەوە درا کە هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستەبەرکردنی حوکمرانیی باش و ئەنجامدانی چاکسازی لە پرسی مافی مرۆڤ سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدی هێناوە، لە هەمانکاتدا تیشک خرایە سەر ڕۆڵی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە هەماهەنگیی چالاکی نێوان هەموو دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم و گونجاندنی پلانەکە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها دەرکردنی چەندین ڕێکاری گرنگی تایبەت بە بابەتە جیاجیاکانی مافی مرۆڤ.
هەر یەک لە بابەتەکانی حوکمڕانیی باش، پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ڕێزگرتن لە هەموو ئایین و پێکهاتەکان، ئازادیی ڕادەربڕین، بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، هەروەها دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارە و پەنابەران، تاووتوێ کران.
کونسولی گشتیی فەرەنسا گوتی: ڕۆڵی نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە نوێنەرایەتیکردن و پێشکەشکردنی گوتاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیشک خستنە سەر دەستکەوتەکانی تایبەت بە پرسی مافی مرۆڤ لەمیانەی بەڕێوەچوونی پانۆرامای خولی گشتگیر لە جنێف، هەنگاوێکی زۆر گرنگ بوو.
گرنگییەکی زۆر بە بابەتی هەماهەنگیی بەردەوام درا، بە تایبەتی لە ڕێکخستنی خولی ڕاهێنان و وۆرکشۆپ، جەخت کرایە سەر بەشداریکردنی دامودەزگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هاوبەشی ئەزموون، بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتێکی وەک فەرەنسا، کە دەتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی هەبێت لە بەرەوپێشچوونی تواناکان، دواجاریش پرسی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان.